رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی گەرمیان چوار تۆمەتباری دەستگیرکرد

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، بە هاوکاریی پۆلیسی قۆرەتوو چوار تۆمەتباری داواکراویان دەستگیرکردووە. یەکێک لە تۆمەتبارەکان کاری ڕاوکردن ومامەڵەی بە بێچووە ئاسکەوە کردووە.

عەقیدی پۆلیس، سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزی تایبەتی پۆلیسی گەرمیان و بنکەی پۆلیسی قۆرەتوو توانیویانە چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە پێشتر چەندین کەیسی جیاوازیان هەبووە و لەلایەن دادگاوە داواکراو بوون.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباران بە پێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەیان لەسەر تۆمارکراوە. هاوکات یەکێک لە دەستگیرکراوان دۆسیەیەکی دیکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان هەیە، هاوبەشی سەرەکیی تۆمەتبارێکی دیکەیە کە پێشتر دەستگیر کراوە، کە پێکەوە کاری ڕاوکردن و مامەڵەیان بە ئاسک و بێچووە ئاسکەوە کردووە.

لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیاندا بەردەوامە.