رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی تورکیا جەخت لە پەرەپێدانی کەرتی وزە دەکەنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی نیسان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا بە وردی باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە کردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریدا.

لەم چوارچێوەیەدا، تیشک خرایە سەر سەردانە سەرکەوتووەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ تورکیا و دیدارەکانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، کە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان وەسف کرا.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دۆخی سیاسیی عێراق؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتگیریکردنی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی.

هەروەها پرسی وزە پشکێکی گرنگی کۆبوونەوەکەی پێکهێنا، کە تێیدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی وزە و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرایەوە، بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی و باشترکردنی باری دارایی وڵات.