رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی: لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی تێروتەسەلدا لە پیرمام، دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی خستە ڕوو.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ قۆناغێکی نوێ
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر چەند پرسێکی گرنگ بووە، لە سەروویانەوە پرسی نەوت و مووچەی فەرمانبەران. ڕایگەیاند: “لایەنە عێراقییەکان خواستی ئەوەیان هەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکاندا بکەینەوە و ئێمەش هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەری کێشەکان نەک دروستکردنیان.”

دڵنیایی لەبارەی مووچە و ئیدارەدانی قەیرانەکان
مەسرور بارزانی مژدەی بە مووچەخۆران دا و ڕایگەیاند: “بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە مووچە تێکەڵ بە پرسەکانی دیکە نەکرێت و دوانەکەوێت.” هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ئیدارەی قەیرانی مووچە بکات و ئێستاش هەوڵی جدی هەیە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

پرسی نەوت و ئابووری هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد کە شاندێکی تەکنیکییان ناردووەتە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی هەناردەی نەوت کراوە. گوتیشی: “چاوەڕێ دەکەین لە نزیکترین کاتدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێ بکاتەوە.” مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕابردوودا “هەوڵێکی جدی هەبوو بۆ لاوازکردنی ئابووری کوردستان”، بەڵام هەرێم توانیویەتی خۆڕاگر بێت.

ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم لە کەرتی کارەبا
سەرۆکی حکومەت باسی لە پەرەپێدانی کەرتی خزمەتگوزاری کرد و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە بواری وزەدا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بە جۆرێک کە “ئەزموونێکی سەرکەوتمان لە بواری کارەبا هەیە و بڕیارمان داوە دوو مێگاوات کارەبا بدەینە عێراق” بۆ هاوکاریکردنی تۆڕی نیشتمانیی وڵات.

دامەزراوە نیشتمانییەکان و یەکڕیزیی ناوخۆیی
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: “پەرلەمان موڵکی هیچ حزبێک نییە و هی هەموو گەلی کوردستانە.” هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد کە بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بە دەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییەوە بچن، چونکە هەنگاوەکانی حکومەت “لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بووە بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمان نەک بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی.”

سەروەریی یاسا و دۆخی ئەمنی
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە هەر وڵاتێک یاسا تێیدا سەروەر بێت، بەرەو سەرکەوتن دەچێت. سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانیش گوتی: “هەر بڕیارێک تایبەت بێت بە دانانی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، ئێمە لەگەڵین و ئەوە لە قازانجی عێراقدایە.” هۆشداریشی دا کە قسەی نابەرپرسانە لە ناوخۆدا کێشەی خەڵک چارەسەر ناکات.

کاریگەرییە هەرێمییەکان
لەکۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە جیهان بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەڵام جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی میانڕەوی و پاراستنی سەقامگیری.