رۆژنامەی ھەولێر

ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی فڕین لە بەشێکی ئاسمانی هەولێر قەدەغە دەکات

ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) بەهۆی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازییەوە، بڕیاری قەدەغەکردنی فڕینی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی ئاسمانی هەولێر ڕاگەیاند.

بەپێی هۆشدارییەکی فەرمیی ئەکتیڤ نۆتام (NOTAM) کە لەژێر ژمارەی  A0227/2بڵاوکراوەتەوە، ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراوی ئاسمانی هەولێر بە درێژایی 13 مایلی دەریایی وەک ناوچەی قەدەغەکراوی فڕین دەستنیشان کراوە. ئەم بڕیارە بەهۆی ئەنجامدانی مانۆڕ و چالاکییە سەربازییەکانەوە دراوە.

ئەم سنووردارکردنە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 3/6/2026 لە کاتژمێر 07:00ی بەیانی تا 10:00 ی پێشنیوەڕۆ بە کاتی جیهانی (UTC) کاری پێدەکرێت. لەو ماوەیەدا، هیچ گەشتێکی ئاسمانی ڕێگەی پێنادرێت لە بەرزایی کەمتر لە 1000 پێ ئەو ناوچەیە ببڕێت.

شایەنی باسە، ئەم بڕیارەی ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی لە کاتێکدایە کە چالاکییە سەربازییەکان و هۆشدارییە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە.