ڕائیب جادر – هەولێر
بەرپرسانی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین زۆر بووە و پووش و پاوانیش زیادی کردووە و وەرزی دروێنەشە، بۆیە ڕێنمایی تازەمان دەرکردووە، لە ھەمان کاتدا ٩٧ تیمی بەرگری شارستانی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و پاراستنی ژینگە لە وەرزی بەھار و ھاوینی ئەمساڵدا، بڕیار درا ٩٧ تیمی بەرگریی شارستانی لە ھەرێمی کوردستان بەسەر ھەموو ناوچەکاندا دابەش بکرێن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: جگە لە ڕێنماییەکان، ڕێکاری توندیش دەرچوونە بۆ پاراستنی ژینگە، تەنیا لە جەژندا تا ئێستا ٨ کەس کە گەشتیاری عەرەبن و بەھۆی ئاگری نێرگەلە لە چیای سەید سادق لە پارێزگای ھەڵەبجە دەستگیر کراون و دواتر سێیان ئازاد کراون و پێنجیان ماون، ھەروەھا ئەمساڵ قەدەغەیە جووتیاران بۆ پاککردنەوە ئاگر لە زەوییەکانیان بەربدەن، بۆیە ئەوەی ئەم کارە بکات وەک سەرپێچیی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێ جووتیاران ئاگربڕ لە زەوییەکانیان ئەنجام بدەن، تاوەکو ئەگەر شوێنێکیش سووتا ئاگرەکە نەپەڕێتەوە بۆ شوێن و بەشێکی دیکە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ئەمساڵ تا ئێستا ٢٣ کەس خنکاون و ١١١ کەسیش ڕزگار کراون کە بەراورد بە ڕێژەکە ئێجگار بەرزە.

