رۆژنامەی ھەولێر

تورکیا دیسان کەوتووەتە خۆ ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا

كارزان گلی – هه‌ولێر

”ئەگەر لەوە زیاتر پێتان درێژ بكەنەوە، دەرگا بە ڕووی پەنابەران دەكەینەوە بزانن“، ئەمە گوتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیایە بۆ یەكێتی ئەورووپا و هەڕەشەیان لێ دەكات، ئەگەر بەردەوام بن لەوەی متمانەیان بە توركیا نەبێت و سەرزەنشتی بكەن، بە سەدان‌هەزار ئاوارە لە توركیاوە بەرەو ئەورووپا بەڕێ دەكەون.

دوای ئەوەی رووسیا پەلاماری ئۆکراینی دا، توركیا بووە یەكێك لەو وڵاتانەی یەكێتی ئەورووپا بەپێویستیزانی باوەشی بۆ بكاتەوە، چونكە ئەگەر لەو جەنگە توركیا پاڵپشتی رووسیا بكات، كارەسات روو دەدات، بۆیە وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، گوتیان توركیا بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام بێمتمانەیی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا بەرامبەر بە توركیا هەر هەیە و بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە گفتوگۆ لەبارەی ئەندامبوونی توركیا لەیەكێتی ئەورووپا دەست پێ بكاتەوە، بۆیە ئەردۆغانیش هەڕەشە دەكات.
بەشێكی زۆری وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا رەخنە لە توركیا دەگرن، بەوەی بەرەو تاكڕەوی دەچێت و دیموكراسی لەو وڵاتە زۆر لە پاشەكشەی داوە، بەتایبەت دوای ئەوەی فشارێكی زۆری كردووەتە سەر ئۆپۆزسیۆن و چەندین سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە زینداندان.
دوای ئەوەی سێ جار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوای كرد سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت و توركیا رەتی كردووەتەوە، ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا متمانەیان بە توركیا نەبێت، بۆیە بەم نزیكانە گفتوگۆ بۆ پێدانی ئەندامیەتی بە توركیا لە یەكێتی ئەورووپا دەست پێ ناكەتەوە و توركیا فشاری كردووەتە سەر یەكێتی ئەورووپا بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە گفتوگۆكردن بۆ ئەندامبوونی توركیا لەو یەكێتییەدا.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (DW)ی توركی، لەم ساتە هەستیارەدا كە یەكێتی ئەورووپا دەیەوێت سەرلەنوێ بە سیستەمی سەربازیدا بچێتەوە و بودجەیەكی گەورەیان بۆ ئەو لایەنە دابین كردووە، زۆر پێویستیان بە توركیایە، لە هەمان كاتیشدا وەكوو پێویست متمانەیان پێی نییە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەڕەشەی كشانەوەی لە ناتۆ كرد، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كەوتوونەتە خۆیان و دەڵێن دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ناتۆ، پێویستە كەرتی سەربازی بەهێز بكەن و بتوانن ببنەوە جێگیرەوەی ئەمریكا.
لێرەدا پێویستیان بە توركیایە، چونكە توركیا لە ڕووی كەرتی سەربازییەوە پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی مووشەكی كیشوەربڕی یڵدرمخانی نماییش كرد، ئەمە پەیامێك بوو بۆ ئەورووپا، كە ناچارن روو لە توركیا بكەن.
وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، لە ناتۆ دۆست و هاوپەیمانی توركیان، بەڵام بۆ بابەتی ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەورووپا دژی دەوەستنەوە، بۆیە ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە خۆیان یەكلایی بكەنەوە متمانەیان بە توركیا هەیە یان نا؟
ناتالیا پۆتێرا، شارەزای سیاسەتی سەربازی، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”راستییەكەی ئەوەیە، بۆ داهاتووی بونیادنانی ئاساییشی ئەورووپا، یەكێتی ئەورووپا خەریكی ئەوەیە سەرلەنوێ شێوەی سەربازی خۆی دابڕێژێتەوە، بۆ ئەمەشیان بتەوێت و نەتەوێت توركیا دەبێتە پارچەیەك لەو پڕۆژەیە.“
ناتالیا، باسی لەوەش دەكات، نزیكبوونەوە لە توركیا هۆكاری سیاسی نییە، بەڵكوو هۆكارێكی ناچارییە و دەبێت لەم ساتە مێژوویەدا توركیاش پارچەیەك بێت لەو پرۆژە سەربازییەی یەكێتی ئەورووپا.