رۆژنامەی ھەولێر

ئەم هاوینە کارەبای تەواوی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. لە ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەڕێگەی پێوەری زیرەک، پڕۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی شادی ھەولێر دەستیپێکرد و ئێستا بۆ زۆربەی پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان فراوان کراوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ڕێکخستنی بەکارھێنانی وزە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و کۆتاییھێنانە بە مووەلیدە ئەھلییەکان کە بارگرانیی دارایی و ژینگەییان بۆ ھاووڵاتییان دروست کردووە.
ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە سەردانەکەیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری ھەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و گوتی،
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییانی خۆشەویستی ھەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ واتە کۆتایی ئەمساڵ کارەبای سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بکەینە ٢٤ کاتژمێری.
دوایین پسووڵەی کارەبا لە پڕۆژەکە بۆ مانگی ئادار بووە بۆ ٣٧ ڕۆژ و تێکڕا لە پارێزگای ھەولێر ٦١ ھەزار دینار پارە گەڕاوەتەوە، ھەروەھا لە سلێمانی ٥٠ ھەزار دینار، دھۆک ٧٣ ھەزار دینار و تێکڕای پارەدانی ٣٧ ڕۆژەکە لە ھەڵەبجە ٤٩ ھەزار دینار بووە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بڕی داشکاندنی ٣ ملیار دیناری گەڕاندەوە بۆ ھاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە ڕێکارە بەردەوامەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن. بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠%ـی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مووەلیدە و کارەبای نیشتمانی.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ھەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستەمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی ١١٨،٠٠٠ ھاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندنەبوونە.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، ھەموو ئەو ھاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داھاتووی پڕۆژەی ڕووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەژماردەکرێت، ئەو ھاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگەی کورتەنامە ئاگادار دەکرێنەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە سەرکەوتووەکان، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام ھاووڵاتییان داوای پڕۆژەکە بکەن. سوودەکانی پڕۆژەکە بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
شەو و ڕۆژ تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کۆچە و کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایاناوە گەڕەک و شوێنەکان دەست نیشان دەکەن و کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆیان دابین دەکەن.
ھەموو ھاوبەشانی ماڵان کە دەبنە بەشێک لە پڕۆژەی ڕووناکی لەو ناوچانە لە داشکاندن بەڕێژەی ٥٠٪، ٢٥٪ و ١٥٪ لەسەر پسوولەی کارەبا بۆ سێ مانگی یەکەم وەک بەشێک لە قۆناغی ڕاگوزەری بۆ نرخە نوێیەکانی کارەبا سوودمەند دەبن، ھەروەھا زیاتر لە ٦٠٠٠ مووەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٨٥٪ی کۆی گشتی مووەلیدەکانی کوردستان و تا کۆتایی ئەمساڵیش حکوومەتی ھەرێم لە پلانیدایە زیاتر لە ٧٠٠٠ مووەلیدە بکوژێنێتەوە، ئەم ھەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پاراستنی ژینگە ھەبووە و ساڵانە ڕێگری لە دەردانی یەک ملیۆن و ١٢٧ ھەزار و ٤٣٠ تۆن دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەگرێت.
پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەر گەڕەکێک دەستیپێکرد، ھەموو ماڵێک نامیلکەیەکی بۆ دەچێت، کیو ئار کۆدێکی لەسەرە، لەڕێگەی مۆبایلەوە سکان دەکرێ، دوای ئەوە کلیک لەسەر لینکێک دەکرێت و فۆرمێک دەکرێتەوە، ئەو کاتە دەبێ فۆرمەکە پڕ بکرێتەوە، فۆرمەکە بە ھەرسێ زمانی “کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی” و بە ھەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینییە. پڕکردنەوەی فۆرمەکە تەنیا سێ خولەکی پێویستە و ناوی پارێزگا و قەزاکانی تێدا دیاری دەکرێت، دواتر ژمارە تەلەفۆنێکی بەردەستی تێدا داخڵ دەکرێت و کۆدێکت بۆ دەگەڕێتەوە.
ھاووڵاتییان باس لە گرنگی پڕۆژەکە دەکەن و ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانیان بە گرنگ وەسف دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، پێشتر مووەلیدەمان ھەبووە و ھەموو ئامێرەکان کاریان پێ نەدەکرد سەرەڕای ئەوەی مانگانە پارەیەکی زۆرمان بۆ دەھاتەوە، کەچی ئێستا بە کەمتر لەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبامان ھەیە، لە ھەمان کاتدا لە کۆڵ گڕەگر و دووکەڵی مووەلیدە بووینەتەوە. ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بەپێی ئەو بەرنامەی کە ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو سنووری دھۆک بە پڕۆژەی ڕووناکی دەبەسترێنەوە و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
لە داھاتوودا زیاتر بۆ ھاووڵاتییان ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو پڕۆژەیە خزمەتی بە ھەمووان کردووە و کوردسانیش وەک ھەر وڵاتێکی دیکە بووەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و لە دووجۆر کارەبا ڕزگاریان بووە و کارەبایەکی بەردەوامیان ھەیە، لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەری دەبێت و ھەرێمی کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی نوێ. شێرزاد کامەران، شارەزای بواری کارەبا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە بەھێز و کاریگەرەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەوھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتییان و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو ھاوبەشانی کارەبا سوودی لێ وەردەگرن و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیشی بەرز کردووەتەوە.