رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر…. ڕاگەیاندنی پڕۆگرامی دووزمانەیی (فەرەنسی – ئینگلیزی)

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.6.2، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و باتريك دوريل، باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق و یان برێم، کونسڵی فەڕەنسا لەهەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕان، شارەزایانی زمان، مامۆستایانی زانکۆ، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و قوتابیان، لە ڕێوڕەسمێکدا دەستپێکردنی پڕۆگرامی دووزمانەیی ( فەرەنسی – ئینگلیزی )، کە لەلایەن قوتابخانەی نێودەوڵەتیی دانیێل میتێران لە شاری هەولێر ڕێکخرابوو، ڕاگەیندرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی پڕۆگرامەکە لە پێشخستنی کەرتی پەروەردە و فێربوون لە هەولێری پایتەخت.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر، مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی ئەم پڕۆژەیە، هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرجەم بەشداربووان و قوتابییان خواست و جەختی لەوە کردەوە کە هەمەجۆریی زمانەوانی و کرانەوە بەڕووی زمانە جیهانییەکاندا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی نەوەکانمان و بەهێزکردنی پێگەی هەولێر وەک ناوەندێکی کولتووری و پەروەردەیی لە ناوچەکەدا.

جێگەی باسە، ئەم پڕۆگرامە دووزمانەییە ( فەرەنسی – ئینگلیزی ) دەرفەتێکی نوێ و گرنگ بۆ قوتابییان دەڕەخسێنێت تا لە یەک کاتدا هاوتای زمانە فەرمییەکان، پەرە بە تواناکانیان لە دوو گرنگترین زمانەکانی جیهاندا بدەن.