فەرهاد قادر ئۆمەر
بیرەوەرییەکانی قۆناغی خوێندن لە گوندەکانی کوردستاندا، جگە لەوەی گێڕانەوەی ڕووداوی دەگمەنن، لە هەمان کاتدا بەشێکن لە مێژووە زیندووە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکەی نەتەوەکەمان. لە چوارچێوەی یەکێك لەو بیرەوەریانە، قوتابخانەی دەربەندی کەندێناوەیە، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، کاتێ لە پاییزی ساڵی ١٩٥٥دا چرای زانست لە گوندی (دەربەندی کەندێناوە) گەیشتە قۆناغی کارپێکردن و دەرگای قوتابخانە بە ڕووی منداڵاندا کرایەوە، قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ناوچەکە دەستی پێ کرد. ئەو سەردەمەی کە سەرەڕای نەبوونی ئامرازی پێشکەوتووی هاوشێوەی ئێستا، بەڵام ئەشق و هۆگریی قوتابی بۆ فێربوون و دڵسۆزیی مامۆستایان جۆش و خرۆشێکی بێوێنەی بە نەوەی ئەو کاتە بەخشیبوو.
مامۆستا زرار محەمەدئەمین وەسمان، کە خۆی ئەو سەردەمەی بینیوە و قوتابی بووە لەو کاتەدا و ئێستا مامۆستایەکی خانەنشینە، بە زمانێکی ئەدەبی و شیرین لە دەفتەری یادەوەریەکانی خۆیدا، ڕۆژانەی قوتابیانی قوتابخانەی دەربەندی گۆم لە کەندێناوە دەگێڕێتەوە و دەربارەی یادگارییە تاڵ و شیرینەکانی ئەو ڕۆژگارەوە دەڵێ: «ڕێکەوتی ١٩٥٥/١١/٥ لە گوندی دەربەندی کەندێناوە زەنگی کردنەوەی قوتابخانە لێ درا، ساڵێك دواتر، واتە ساڵی ١٩٥٦_١٩٥٧ بوو، ناومیان تۆمار کرد وەك قوتابی لەو قوتابخانە خنجیلانەیەدا و، من وەکو قوتابییەکی ئەو کات کە لەژێر حوکمڕانیی پاشایەتیدا دەژیاین، بەیانیان بە جۆش و خرۆشەوە پەرتووک و پەڕاو و پێنووسمان دەخستە ناو هەگبەی قوتابخانە، هەروەها کوپی شیر خواردنەوەش دەبوو لەگەڵمان بوایە، چونکە ڕۆژ ڕۆژی تەغژیەی مەدرەسی بوو، لە یادمە وەکو ئەمرۆ مامۆستا یونس یادی بەخێر لەبری زەنگ، فیتەی بەیانیانی لێ دەدا، ئێمەش وەکو سوپایەکی ئامادە لە گۆڕەپانی قوتابخانە چاوەڕێی فەرمان و ڕێنماییەکانی مامۆستا بووین. . . قوتابخانە لە ناوەڕاستی گوند بوو، سەداو دەنگی بەیانی باشی قوتابیان هاوشێوەی جریوەجریوی چۆلەکە، گوندەکەی تەنیبوو لە بەختەوەری و کامەرانی». هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بە تەغژیەی مەدرەسی مامۆستا زرار دەڵێ: «شیری کوڵاو، قەسپی حەسرەشی و پسکیت و حەبی ڕۆنی ماسی، بیرەوەری تاڵ و شیرینی ڕۆژانی ئەو سەردەمەن، چیرۆکی بەرئاگردانی ڕۆژانێک بوون، چەکەرەکردنی ڕۆحی مرۆڤبوونی خۆم تیا دەدیتەوە، قەت لە بیرم ناچنەوە.
لێرەدا ماوە بڵێین، لە دوایین دێڕەکانی ئەم یادوەرییەدا، دەبینین کە مێژووی پەروەردە لە لادێ کەنارگیرەکانی ئێمەدا وێڕای مێژووی وشە و تهبشیر، چیرۆکی هەوڵ و تێکۆشان بووە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆح لە تاریکی و نەزانین. ئەگەرچی ساڵانێکی دوورودرێژ بەسەر ئەو ڕۆژگارە غەریب و شیرینەدا تێپەڕیوە و زەنگی قوتابخانە کۆنەکان کپ بوونە و فیتەی بەیانیانی مامۆستا یونسیش لە ئامێزی کاتدا بێدەنگ بووە، بەڵام دەنگی جریوەی ئەو منداڵانە و تیشکی ئەو چرایەی لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٥٥دا لە دەربەندی کەندێناوە داگیرسا، هێشتاش لە ڕوخساری نەوە لە دوای نەوەی ئەم نیشتمانەدا دەدرەوشێتەوە. ئەوان ڕۆیشتن، بەڵام شوێنپێ پەروەردەیی و مرۆییەکەیان بووە بە بەشێک لە ناسنامەی ڕەسەنی ئێمە، کە قەت لەبیر ناچنەوە.

