بهمەبەستی جوانتر كردنی سیمای شار‌و باشترکردنی دۆخی شارستانی و ڕێکخستنەوەی شەقام و بازارە مللییەکان، ئەمرۆ دووشەممە رێکەوتی 1.6.2026 ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌په‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و بازارە مللییەکانی شاری ههولێركرد.
له‌و کۆبوونەوەیەدا کە جێگری پارێزگار‌و قائیمقامی قەزای ناوەندو عەنکاوەو سەرۆکی شارەوانی هه‌ولێرو به‌رێوه‌به‌ری گشتی گهشتو گوزاری هه‌ولێر و بەرێوەبەرانی پۆلیس و هاتوچۆو بەرگری شارەستانی و به‌رێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێرو بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکان و شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری خزمەتگوزار ژینگە پارێزی هەولێر و دەزگا خزمەتگوزارییەکان ئاماده‌یی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی تاکیدی لەسەر سێ خالی سەرەکی پەیوەندار به پرسی پاك و خاوێنی شار کردەوە:
خاڵی یەکەم پەیوەندی بە دیاردەیی راوەستانی عارەبەو ئۆتۆمبیلەکانه‌وه هه‌بوو که بەشێوەیەکی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتیەکان راده‌وه‌ستن و دیاردەیەکی ناشارەستانی و جەنجالیان بەخشیوەتە سیمای شار‌و مافی گشتی هاتوچۆی هاووڵاتیانیان پێشێل کردووە.
خاڵی دووەم پەیوەندی بە بابەتی خاوێن راگرتنی شارەوە هەبوو، له‌م باره‌شه‌وه تاكیدی كرده‌وه، کە پێویستە بەرێوەبەری شارەوانی سنورەکان رۆڵی سەرەکی لە پاگژ راگرتنی شاردا ببینن. بۆیە پێویستە پلان و نەخشەی تایبەت لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی دارێژن و هه‌نگاوی به‌په‌له له‌و باره‌وه بنێن .
لە کۆتا خاڵ وەزیری شارەوانی تاکیدی لەسەر ناونیشانی نامۆ‌و زمانی بیانی دوکان و شوێنە گەشتیاریەکان کردەوە، کە پێویستە بە زوترین کات بکرێنە زمانی کوردی و ئەم هەڵمەتە مینۆی خواردن و پسولەی حیساباتی چێشتشتخانهكانیش بگرێتەوە .
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، کۆک بوو لەگەڵ وتەکانی جەنابی وەزیر و تاکیدی کردەوە، کە لە ماوەی رابردوو کار لەسەر سەرجەم ئەو سێكته‌رو تەوەرانە کراوە، به‌لام پاش ماوه‌یه‌ك خامۆشی به كاره‌كانه‌وه دیار بووه، بۆیه به گرنگی زانی كه ئه‌م جۆره كارانه به‌شێوه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و به‌رده‌وامی كاری له‌سه‌ر بكرێ .
پارێزگاری هەولێر، باسی لە گرنگی پاراستنی سیما‌و ڕوخساری ته‌ندورستی شاری هه‌ولێر كرد، له‌م باره‌شه‌وه رایگه‌یاند: كه‌وا پاراستنی سیما و ڕوخساری شاری هەولێر یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئەرکانەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، جوانی شار و پاراستنی ژینگە، چونكه شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی ئابووری، گەشتیاری و کەلتووری، پێویستی بەوە هەیە بەردەوام پاک و ڕێک و پێک بپارێزرێت و سیما شارستانییەکەی بپارێزرێت. هاوكات دووپاتی له‌سه‌ر ڕێکخستنی فرۆشیاران، کەمکردنەوەی قەیرانی هاتووچۆ و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان کرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و بازارەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک. هەروەها بریار درا چەند هەنگاوێکی کرداری بگیرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لە داگیرکردنی شەقامە گشتییەکان و پاراستنی پاک و خاوێنی ناوچە بازاڕییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە کرا، کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جوانترکردنی ڕوخساری شار‌و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان و سەردانکەرانی پایته‌خت .
له كۆتاییدا به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه سه‌رنج و پێشنیازه‌كانیان خسته روو .

