رۆژنامەی ھەولێر

لە درێژەکێشانی داخرانی گەرووی هورمز زیانی زۆر گەورە بە ئابووریی عێراق دەگات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای زیاتر لە سێ مانگ داخرانی گەرووی هورمز باس لە کرانەوەی گەرووەکە بە ڕووی کەشتییەکان دەکرێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە گەرووەکە پەڕیوەنەتەوە و مۆڵەتی پەڕینەوەیان پێ دراوە زیادی کردووە و پێشتر کە ڕۆژانە بە دەگمەن کەشتییەک لە گەرووەکە دەرباز دەبوو ئێستا ژمارەی ئەو کەشتییانە ڕۆژانە بۆ دە تا بیست زیادی کردووە.

پرسەکە بە دواین پێشڤەچوونەکانی یادداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا گرێ دراوە و دەگوترێ ئەمریکا بەوە ڕازی بووە گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران هەڵبگرێت و لە بەرامبەردا ئێرانیش دەبێت گەرووەکە بکاتەوە.
کرانەوەی گەرووەکە کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان بە گشتی و ئابووریی وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی هەیە. یەک لەسەر پێنجی پێداویستی هەموو جیهان بە نەوت لە هورمزەوە دابین دەکرێت و زیاتر لە سێ مانگە هەموو ڕۆژێک دە تا دوازدە ملیۆن بەرمیل کورتهێنان لە کەرتی وزەی جیهان ڕوویداوە و نرخی شتومەک و کاڵاکانی پێوەندیدار بە پیشەسازیی نەوت و وزەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
لەو ماوەیەدا هەر یەک لە سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕیگەی ئەلترناتیڤیان بۆ هەناردەکردن نەوت هەبووە، سعوودیە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێی ئەو هێڵە نەوتە هەناردە کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی سعوویەوە بەرەو ڕۆژئاوا و دەریای سوور ڕاکێشراوە هاوکات ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێی بەندەری فوجەیرەوە هەناردە دەکات کە کەوتووەتە دەرەوەی هورمزەوە.
هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوەیت لە هەناردەکردنی لەسەدا هەشتا تا لەسەدا سەدی بەرهەمی نەوتەکەیان بێبەش بوون و ئەم دۆخە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر داهاتی ئەو وڵاتانە هەبووە.
عێراق لە هورمزەوە ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکرد، بەڵام ئەم قەبارەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و عێراق تەنیا لە داهاتی ئەو نەوتە سوودمەندە کە لە ڕێی هێڵی نەوتی کوردستان-جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
عێراق لە نیسانی ئەمساڵ بایی یەک ملیار و هەشتا و حەوت ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشت و قەبارەی ئەو نەوتەی لە هێڵی کوردستان جەیهانەوە هەناردە کرا گەیشتە ڕۆژانە سێسەد و سی و نۆ هەزار بەرمیل و هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق لە نیسان بەراورد بە ئادار بۆ نیوە دابەزی. هەناردەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە لەسەدا نەوەد دابەزی چونکە لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٥ قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق زیاتر لە سێ ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیل بوو.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە یادداشتەکە بە فەرمی لە لایەن تاران و واشنتن واژۆ نەکراوە و زانیاری جۆراوجۆر و هەندێک جار دژبەیەک لە میدیاکان بڵاو دەبێتەوە،ئەگەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەن هەر دوو وڵاتەکە بە تەواوی پەسند بکرێت و دەست بە کرانەوەی گەرووی هورمز بکرێت ئەوا هەناردەی نەوتی عێراق زۆر بە خێرانی بەرز دەبێتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەگاتە ئاستی پێش داخرانی گەرووەکە.
ئەگەر کرانەوەی گەرووەکە بە کرانەوەی دەروویەکی ئابووری بەرەوڕووی عێراقی هەژمار بکرێت ئەوا درێژەکێشانی داخرانی گەورووەکەش بە واتای بێبەشبوونی عێراق لە زۆرینەی داهاتەکەی دێت.
عێراق تا ئەم ساتە کە توانیویەتی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات هۆکارەکە لە لایەک پەیوەندی بە گەڕانەوی پارەی ئەو نەوتە هەبووە کە لە مانگەکانی پێش داخرانی هورمز فرۆشتوویەتی و ئێستا بۆ گەڕاوەتەوە و بەشێکی کەمیشی ئەو نەوتە بووە لە ڕێی جەیهانەوە هەناردەی کردووە و لە مەودوا حکوومەت ناچار دەبێت دەست بۆ یەدەگی دراو و زێڕ و تەنانەت قەرزی نێودەوڵەتیش بەرێت چونکە مانگانە حەوت تا هەشت ترلیۆن دیناری پێویستە تا بۆ مووچە و خەرجییەکان دابینی بکات.