سلێمان تاشان – ههولێر
لە گەرمیان نزیکەی دوو هەفتەیە دەست بە دروێنە کراوە، لە پارێزگای هەولێریش دروێنە دەستی پێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیاران بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ڕادەست بکەن، جووتیاران دوای ساڵیک لە چاوەڕوانی و چاندنی زەوییەکانیان بە گەنم بەرهەمی ڕەنجەکانیان هەڵدەگرنەوە و دەست بە خەرمان دەکەن.
ئەمساڵ ساڵێکی پڕئاو و باراناوی بوو لە تەواوی کوردستان و باڵای گەنم بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و گوڵەگەنمیش بە بڕشت و قەڵەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێڵەی کوردستان بگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن.
جووتیارانی کوردستان لە کاتێکدا دەست بە دروێنە و هەڵگرتنەوەی بەرهەمەکانیان دەکەن کە بەرهەمەکەیان بە تەواوی لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەرناگیرێت و بەپێی بڕیاری وزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تەنیا چوارسەد هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت کە لەو قەبارەیە تەنیا دووسەد و نەوەد و دوو هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلان و سەد و هەشت هەزار تۆنەکەی دیکە لە دەرەوەی پلانە و بە نرخێکی زۆر کەمتر لەو نرخە لە جووتیاران وەردەگیرێت کە حکوومەت دەستیشانی کردووە.
بەر لە جەژن نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا سەد واژۆیان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی ییدەنە سەرۆکی پەرلەمانی عێرق تا دانیشتنێکی تایبەت بە گەنمی کوردستان ساز بکەن یان ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەونە گفتوگۆ. جارێ پەرلەمان کەوتووەتە ناو پشوو و دیار نییە کەی دەست بە دانیشتنەکان و تاوتوێکردنی ئەو داواکارییە دەکات.
ساڵی ٢٠٢٤ حکومەتی عێراق نزیکەی حەوتسەد هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. ساڵی ٢٠٢٥یش تەنیا چوارسەد هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
ئەگەر جووتیاران نیوەی گەنمەکەشیان لێوەرگیرێت ئەوا دەتوانن نیوەکەی دیکە لە بازاڕی ئازاد ساغ بکەنەوە بەڵام ئەگەر زۆرترین گەنمی بەرهەمهێنراو لەسەردەستیان بمێنێتەوە ئەوا ناچار دەبن هەرزانفرۆشی بکەن کە لەو کاتەدا زیان بە جووتیاران و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت.
ئەمساڵ حکوومەتی عێراق سێ ملیۆن و هەشتسەد هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت ئەو گەنمەی لە جووتیارانی کوردستان وەریدەگرێت دەگاتە زیاتر لە لەسەدا حەوتی ئەو گەنمەی لە عێراق وەردەگیرێت لە کاتێکدا بە پێی پشکی هەرێمی کوردستان دەبوایە ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی کوردستان لانی کەم بۆ دوو هێندە زیاد کرابا.
یەکێک لەو ستەمانەی عێراق لە جووتیارانی کوردستان کردوویەتی ئەوەیە لە پارێزگاکانی عێراق بۆ هەر دۆنمێک هەشتسەد کیلۆگرام گەنم ەردەگرێت کەچی لای خۆمان دەگاتە سەد و سی کیلۆگرام و دواجار جووتیارانی کوردستان ناچارن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکان هەرزانفرۆش بکەن. کێشەیەکی دیکەی بەردەم جووتیاران ئەوەیە ئەو گەنمەش کە ڕادەستی دەکەن ڕاستەوخۆ ۆارەکەی وەرناگرن و زۆرێک لە جووتیاران دەبێت زیاتر لە ساڵێک لە چاوەڕوانیی ئەوەداد بەغدا پارەکانیان بۆ خەرج بکات
خاڵێکی دیکە کە بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر جووتیاران و خەرمانی ئەمساڵ هەژمار دەکرێت پرسی ئاگرکەوتنەوەیە چونکە ڕاستە باران کاریگەری هەبووە لەسەر گەشەی گەنم بەڵام لە هەمان کاتدا زەوی و پاوانەکان بە ڕووەک و پووشێکی زۆر داپۆشراوە ولەگەڵ وشکبوونی ئەو گیایە لەبەردەم مەترسیی ئاگرکەوتنەوەدایە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە تەواوی پارێزگاکان ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتە بەر و داوایان لە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان کردووە ئەو ڕێنماییانە بە تەواوی جێبەجێ بکەن کە پێشتر پێیان داون و لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە پێویستە هەموو هاووڵاتییان لەگەڵ تیمەکانمان هاوکار بن، ئەگەر حاڵەتێک ڕوویدا دەستبەجێ بکوژێنرێتەوە و ڕێنماییەکانمان جێبەجێ بکەن.

