رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش پارێزگای هەڵەبجە سێ تۆمەتباری سووتاندنی گۆڕستانی سەیدسادقی دەستگیر کرد

هێزە ئەمنییەکانی قەزای سەیدسادق سێ کەسیان بە تۆمەتی سووتاندنی گۆڕستانی قەزاکە دەستگیر کرد، کە بەهۆی کارەکەیانەوە زیانێکی زۆر بە دار و پوش و پاوانی ناوچەکە گەیشتبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگر لە گۆڕستانی سەیدسادق کەوتەوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە، هێزە ئەمنییەکان لە قەزای سەیدسادق لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد و توانییان 3 تۆمەتبار بە ناوەکانی (ڕ. ع. ع)، (م. ن. ڕ) و (ڕ. ت. ڕ) دەستگیر بکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. بۆ ئەم مەبەستەش بە بڕیاری دادوەر، هەر سێ تۆمەتبارەکە ڕادەستی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای سەیدسادق کراون و پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوەی زیاتریش لە ڕووداوەکە بەردەوامە