رۆژنامەی ھەولێر

٣١ی ئایاری؛ ڕۆژی جیهانیی (بەبێ جگەرەکێشان)بەبێ توتن

حەسەن حەمەد ئاندێکی

بەرایەکی مێژووی…
بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بوونی ٣١ی ئایار وەک ڕۆژێکی جیهانی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، کاتێک کۆمەڵەی تەندروستی جیهانی (WHA) لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٧دا بڕیارنامەیەکی نوێ (WHA42.19) دەرکرد. لەم بڕیارنامە نوێیەدا، ڕۆژی ٣١ی ئایاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی بەبێ توتن
(World No Tobacco Day) جێگیر کرا و لە ساڵی ١٩٨٩ەوە بە فەرمی لە سەرانسەری جیهاندا دەست بە یادکردنەوەی کرا.
توتن….بکوژە بێدەنگەکە….
مەترسییەکانی بەکارهێنانی توتن و جگەرەکێشان لە سەردەمی ئێستاماندا، تەنها وەک کێشەیەکی تەندروستی تاکەکەسی کورتخایەن سەیر ناکرێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی کە هەڕەشە لە داهاتووی مرۆڤایەتی دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی ٣١ی ئایاری هەموو ساڵێک، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەک ڕۆژی جیهانیی بەبێ توتن دیاری کراوە، دەرفەتێکی زێڕین و پێویستە بۆ یەکخستنی دەنگەکان، داڕشتنی سیاسەتی نوێ، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە دژی ئەم بکوژە بێدەنگەی کە ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ ڕاپێچی ناو گۆڕ دەکات.توتن بەهۆی بوونی ماددەی نیکۆتین و سەدان پێکهاتەی کیمیایی ژەهراوی و شێرپەنجەیی تێیدا، هۆکاری سەرەکییە بۆ تێکدانی سیستمی بەرگری جەستە و توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، و شێرپەنجەی سییەکان. مەترسییەکە لێرەدا ناوەستێت،بەڵکو دیاردەی جگەرەکێشانی ناچالاک (یاخود دووکەڵی چواردەور) دەریخستووە کە کەسانی بێتاوان، بەتایبەتی منداڵان و دایکان، دەبنە قوربانی خویەکی خراپی کەسانی تر و تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە کوشندانە دەبنەوە کە بەکارهێنەرانی ڕاستەوخۆ پێوەی دەناڵێنن. ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤە بۆ ژیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا.
بارگرانی ئابوری…..
لە ڕوانگەی ئابووری و پەرەپێدانەوە، خەرجییە داراییەکانی کڕینی بەرهەمەکانی توتن لە لایەک، و تێچووی سەرسورهێنەری چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشەکان لە لایەکی ترەوە، بارگرانییەکی گەورە دەخەنە سەر شانی خێزانەکان و کەرتی تەندروستی گشتی وڵاتان. ئەو بودجەیەی کە دەکرێت لە کەرتی پەروەردە یان گەشەپێدانی ژێرخاندا بەکاربهێنرێت، ساڵانە بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ ئەو نەخۆشییانەدا بەفیڕۆ دەچێت کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت. جگە لەوەش، کێڵگەکانی چاندنی توتن پێویستییان بە بڕێکی زۆر لە پێکوژە کیمیاییەکان هەیە، و پاشماوەی فلتەری جگەرەکان کە شیتەڵ نابنەوە، زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە خاک، ئاو و ژینگەی گۆی زەوی دەگەیەنن.
یاسای وڵاتان…….
٣١ی ئایار وەک هێمایەکی سەرکەوتنی تەندروستی گشتی سەیر دەکرێت. بەهۆی ئەو بزووتنەوە مێژووییەی لەم ڕۆژەوە دەستی پێکرد، سەدان وڵات یاسای توندیان دەرکرد، کێشانی جگەرە لە ناو فڕۆکە، شەمەندەفەر، چێشتخانە و دامەزراوە حکومییەکاندا قەدەغە کرا، و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی گەیشتە ئاستێک کە جگەرەکێشان چیتر وەک نیشانەیەکی هاوچەرخی یان جوانی سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک سەرچاوەیەک بۆ مەترسی تەندروستی بناسرێت.
ئامانجی ڕۆژە جیهانییەکە….
ئامانجی سەرەکی ئەم ڕۆژە جیهانییە تەنها قەدەغەکردنی ڕەمزیی جگەرەکێشان نییە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، بەڵکو داڕشتنی ستراتیژیەتی هاوبەشی نێودەوڵەتییە. ئەمەش لە ڕێگەی هاندانی حکومەتەکان بۆ دەرکردنی یاسای توندتر، زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمەکانی توتن، و قەدەغەکردنی تەواوی ڕیکلامەکانیان لە هەمان کاتدا، پێشکەشکردنی پشتگیری دەروونی، هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕاوێژی پزیشکی بەو کەسانەی کە دەیانەوێت بڕیاری ڕزگاربوون لەم کۆیلایەتییە مۆدێرنە بدەن و ژیانی خۆیان نوێ بکەنەوە. دامەزراوە پەروەردەییەکان و میدیاکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە گەیاندنی ئەم پەیامە بە نەوەی نوێ تا نەکەونە داوی ئەم خوە وێرانکەرەوە.
هۆشیارییەکی گشتی…..
بەرەنگاربوونەوەی دەردی توتن پێویستی بە هۆشیارییەکی گشتی هەیە کە لە تاکەکەسەوە دەست پێدەکات، لە ناو خێزاندا گەشە دەکات و لە دامەزراوە فەرمییەکاندا ڕەنگدەداتەوە. مرۆڤی هۆشیار دەزانێت کە تەندروستی گەورەترین سەرمایەیە و پاراستنی، ئەرکێکی ئاینی و نیشتمانییە. پاڵپشتیکردنی ئەم ڕۆژە جیهانییە و کارکردن بە بنەماکانی، هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بەرەو بونیادنانی جیهانێکی پاکتر، تەندروستتر و گەشاوەتر بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوومان، تا بتوانین کۆمەڵگەیەک دروست بکەین کە تێیدا هەناسەدان کەرستەی ژیان بێت نەک هۆکاری مردن.
سەرچاوە ئینگلیزییەکان
1.www.who.int/campaigns/world-no-tobacco-day
2.www.cdc.gov/tobacco/data_statistics/fact_sheets/fast_facts