ڕائیب جادر – هەولێر
لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، سەرۆک بارزانی دەستپێشخەری یەکڕیزی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل دەکات و داوا لە لایەنەکان دەکات واز لە ململانێی بێ ئەنجام و بەرژەوەندییە تەسکەکان بێنن و بە ھەستی نیشتمانپەروەرانە ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسییەکان ببنەوە. چاودێران و لایەنە سیاسییەکان، پشتیوانی دەستپێشخەرییەکە دەکەن و چاوەڕێ دەکەن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و گرفتە سیاسییەکان تێپەڕێندرێن. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتییش، دەڵێت: پەیامەکە دەبێت ھەوڵی کردەیی بۆ بدرێت، بۆ ئەوەی لایەنەکان دەست بە گفتوگۆیەکان بکەنەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەت.
دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، ڕکابەرییەکی تووند لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا ھەبوو بۆ بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسیی پەرلەمان. لەو ھەڵبژاردنەدا، پارتی وەک ھێزی یەکەم مایەوە و ٣٩ کورسی بەدەستھێنا، ھەروەھا یەکێتیی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو حەوت کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەریش سێ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا.
ئەو ھەڵبژاردنە دوای چەندین جار دواخستن و گۆڕانکاریی لە یاسای ھەڵبژاردن و دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ سەر چوار بازنە لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە بەڕێوەچوو.
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، کە ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیھانی کرد، پەیامێکی گرنگیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە، کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن، بۆیە داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک “دەرچەیەک” بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.
ھێمن بورھان، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پەیامی سەرۆک بارزانی لەم کاتەدا و پێشتریش ئەو داواکارییەی لە لایەنەکان ھەبوو، بە بەڵگەوە گفتوگۆیەکانیش دەکران، سەرۆک بارزانی یەکڕیزی کورد و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بەدەستھێنان و پاراستنی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بەلایەوە زۆر گرنگە، پەیامەکەی جەژن تەواوکەری ھەوڵەکانی جەنابی سەرۆکە بەرۆحی پێشمەرگایەتی ئاراستەی لایەنەکانی کردووە و داوای لێ کردووە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە ھەمووان نەخشەی بۆ دابنێن و بەشدار بن لە بڕیاری داھاتوو، بۆیە پێشوازی لە پەیامی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان ھیواخوازین ئەو پەیامە ببێتە ھۆی چارەکردنی سەرجەم کێشەکان، چونکە ھەرێمی کوردستان شایستەی ئەوەیە سەرجەم دامەزراوەکانی پارێزراو بن.
نزار خەمبار، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، دەبێت کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە ھەن لەدەست نەچن، بۆیە پێویستە ھەمیشە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو گەل و نیشتمان لەگەڵ یەکدیدا تەبا بن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پەیامی سەرۆک بارزانی، پەیامێکی یەکلاکەرەوە و لە کاتی خۆیدا بوو، ئێستا دۆخی سیاسیی ھەرێم جۆرێک لە لێکترازان و پەرشوبڵاوی پێوە دیارە، بۆیە پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان ھەیە و بێگومان سەرۆک بارزانی دەتوانێت ئەم ڕۆڵە مێژووییە ببینێت، کە ھەمیشە فاکتەری سەرەکیی یەکڕیزی و خاڵی کۆکەرەوەی ھێزەکان بووە و لە ئێستاشدا ڕۆڵی کاریگەری بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لە ھەموو کاتێک پێویستترە.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ڕوونیکردەوە: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان پەیامێکی گرنگە و دەبێت بە جددی سەیر بکرێت، ھەموو لایەنەکان بە ئیجابییەوە تەماشای پەیامەکە بکەن، چونکە ئەمڕۆ ئاشتی و پێکەوەیی کۆبوونەوەی ھاوبەش و گەیشتن بە ڕێککەوتن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەمانە کارێکی باشە و دەبێت ئەم بارودۆخە تێپەڕێندرێت، بۆیە زۆر گرنگە کەمتەرخەمی نەکرێت و ھەموو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و ئەو بارودۆخە تێپەڕێنن.
پارتی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە دەکات و دەیەوێت بەپێی پەیامەکە دەست بە گفتوگۆ بکرێتەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەت، دەرفەتیش دروست دەکات بە کردەیی کار بۆ جێبەجێکردنی پەیامەکە بکات. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و کارگێڕی خستەڕوو و گوتی: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پێویستی بە کردار ھەیە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە ھەنگاوی کردەیی بۆ بنێین و جێبەجێی بکەین.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، گوتیشی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەردەوامە، ھەندێک گرفتی بچووک ھەن، بەڵام ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، بۆیە بڕیارە دوای پشووی جەژن ھەنگاوی جددی بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەشڵێ: ئومێدەوارین ھەموو لایەنەکان دوای جەژن لەنێوانیاندا پارتی ڕۆڵی کاریگەر و گەورە ببینێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانەی کە بەرھەمی خوێن و ڕەنج و ماندووبوونی خەڵکی کوردستانە.

