ئەمشەو یەکشەممە 2026.5.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بەردەوامی سەردانیكردن و بەسەركردنەوە و ڕێزلێنان لەو کەسانەی تەمەنی خۆیان لەپێناو خزمەتکردنی گشتی شاری هەولێر بەخشیوە، سەردانی ماڵی فەرمانبەری دێرین و بەئەزموونی خانەنشینکراوی دیوانی پارێزگا، (مام ڕۆستەم)ی کرد، كە لەساڵی 1974وە سكرتێری پارێزگاری هەولێربووە و لەماوەی خزمەتكردنیدا لەگەڵ 17 پارێزگار كاری كردووە.
لەو سەردانەیدا، پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستی ( مام ڕۆستەم )ی پرسی و هیوای لەشساغی، تەمەنی درێژی بۆ خواست و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەکرد بۆ ئەو کار و دڵسۆزییە بێوچانەی کە لە ماوەی ساڵانی خزمەتیدا پێشکەشی شارەکە و هاووڵاتیانی کردووە و بە نموونەی فەرمانبەری ماندوونەناس و بەئەمەک لەقەڵەمی دا.
لەلایەن خۆیانەوە، (مام ڕۆستەم) و خانەوادەکەی خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانەی پارێزگاری هەولێر نیشاندا و سوپاسی ئەو هاوسۆزی و گرنگیپێدانە بەردەوامەیان کرد کە بەرامبەر بە خزمەتکارانی دێرینی شارەکە ئەنجامی دەدات.

