لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.24، بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی ” سەرۆک مەسعود بارزانی ” و بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسی لقی2 و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دیكەی حزبی و حکومی، لە ڕێورەسمێكی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکی لادرا کە بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ( مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا محەمەد مەلا قادر) کراون.
له ڕێورهسمهكهدا، پارێزگاری ههولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو پێزانین و ئەمەکداری خۆمان بۆ ئەو دوو تیكۆشەرە مەزنەی خەباتی گەلەکەمان دووپات بکەینەوە، ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە تەنها کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی هەولێری پایتەختە.”
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە هەولێری پایتەخت لەژێر سێبەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خێرای ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری، ڕێز لە خەباتی نەوەکانی ڕابردووش دەگرێت، وتیشی: “ئەم دوو تێکۆشەرە خوالێخۆشبووە تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، و هێشتنەوەی ناویان لەسەر شاڕێگاکانی هەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەرگیز ڕابردوو و قارەمانەکانی خۆی لەیاد ناکات.”
جێگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی گشتگیر و ستراتیژی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی دێت بۆ ڕێکخستنەوەی نەخشەی شار و ئاسانکاری هاتووچۆ، ئەو دوو شەقامە نوێیەی کە ناونراون، شادەماری سەرەکی بەستنەوەی چەندین گەڕەک و ناوچەی گرنگی پایتەختن، کە هەم کێشەی قەرەباڵغی کەمدەکەنەوە و هەمیش دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشن.

