حەسەن حەمەد ئاندێکی
لە ٢٤ی ئایاری هەموو ساڵێکدا، جیهان یادەوەری یەکێک لە گرنگترین داهێنانەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەکاتەوە، کە بریتییە لە ڕۆژی جیهانیی داهێنانی تێلیگراف (Word Telegraph Day) ئەم ڕۆژه دیاریکراوە بۆ گەڕانەوە بۆ ساڵی ١٨٤٤، کاتێک ساموێل مۆرس (Samuel Morse) لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا یەکەم پەیامی فەرمی تێلیگرافی لە ڕێگەی هێلی کارەباوە لە واشنتنەوە نارد بۆ بالیتمۆر؛ ئەم ڕووداوە مێژووییە نیشانەی سەرەتای شۆڕشێکی گەورە بوو لە بواری پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاریدا، کە جیهانی کرد بە گوندێکی بچووک و دوورییە جوگرافییەکانی لاواز کردەوە.
پێش داهێنانی تێلیگراف، خێرایی پەیوەندیکردن سنووردار بوو بە خێرایی جووڵەی مرۆڤ یان ئاژەڵ؛ نامەکان چەندین هەفتە یان مانگیان دەخایاند تا بە شوێنی مەبەست دەگەیشتن، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بازرگانی، سیاسەت و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بەڵام داهێنانی مۆرس و هاوکارەکانی، بە تایبەتی سیستمی کۆدی مۆرس، ڕێگەی دا وشەکان بە خێرایی ڕووناکی، رێگا ببڕن لە ڕێگەی هێڵەکانی تەلەوە. یەکەم پەیامەکە، ئەمە بوو: (What hath God wrought)؛ کە لە شێوازی ئینگلیزی کۆنەوە هاتووە، لە رۆژگاری ئەمرۆدا ئەم شێوازە دەگەێنێت: (What has God created/done)؛ واتە: خوا چی دروست کردووە؛ ئەوە نیشاندەری قووڵی و گرنگیی ئەم داهێنانە بوو لە ڕوانگەی مرۆڤایەتیەوە.
گرنگیی تێلیگراف تەنها لە خێرایی پەیوەندیکردندا کورت نەبووەوە، بەڵکو بنەمای دامەزراندنی جیهانی مۆدێرنی دیجیتاڵی دانابوو. تێلیگراف یەکەم هەنگاو بوو بۆ جیاکردنەوەی پەیوەندی لە گواستنەوەی فیزیایی. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، زانیاری دەتوانرا بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە کەلوپەل یان مرۆڤ بجووڵێنرێت. ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ پەرەسەندنی ڕۆژنامەوانیی مۆدێرن، چونکە هەواڵەکان دەتوانران بە خێرایی لە پایتەختەکانەوە بۆ شارە دوورەکان بگوازرێنەوە. هەروەها، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی، چونکە نرخەکان و داواکارییەکان دەتوانران بە کاتی دەمودەست (Real-time) ئاڵوگۆڕ بکرێن، کە ئەمەش سەرمایەداریی مۆدێرنی شێوە پێ دا.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، تێلیگراف ڕۆڵی هەبوو لە نزیککردنەوەی دڵەکان. خێزانەکان دەیانتوانی هەواڵی تەندروستی یان ڕووداوە گرنگەکانیان بە خێرایی بگەیەنن، کە پێشتر لەوانە بوو بەهۆی دوورییەوە دوا بکەوێت یان نەگات. هەروەها، کاریگەرییەکی سیاسی گەورەی هەبوو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان و جەنگەکاندا، فرمانە سەربازییەکان بە خێرایی دەگەیشتنە پێشەنگەکان، کە ئەمەش شێوازی جەنگ و دیپلۆماسییشی گۆڕی.
ئەمڕۆ، لە کاتێکدا تەکنەلۆژیای ئینتەرنێت و مۆبایل جێگەی تێلیگرافی گرتووەتەوە، بەڵام بنەماکانی هەر لەو داهێنانەوە سەرچاوەی گرتووە. کۆدی مۆرس نموونەیەکی سەرەتایی کۆدکردنی دیجیتاڵی بوو (بەکارهێنانی خاڵ و هێڵ وەک ٠ و ١). بۆیە، یادکردنەوەی ٢٤ی ئایار تەنها یادکردنەوەی ئامێرێکی کۆن نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لەو بیرۆکە داهێنەرانەی ڕێگایان خۆش کرد بۆ جیهانی پەیوەندیی ئێستا. ئەم ڕۆژە هانمان دەدات کە بەهای پەیوەندی و زانیاری تێبگەین و گرنگی بدەین بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی،تێلیگراف وەک باپیرەی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان، میراتێکی بەجێ هێشتووە کە هەتا ئێستا کاریگەرییەکەی دەبینرێت. ڕۆژی جیهانیی تێلیگراف دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لاوان و توێژەران هانی بدەین بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی زانست و داهێنان و، تێبگەین کە چۆن بیرۆکەیەکی سادە دەتوانێت شێوەی ژیانی میلیۆنان مرۆڤ بگۆڕێت. پێویستە سوپاسگوزاری ئەو زانایانە بین کە ژیانیان تەرخان کرد بۆ شکاندنی بەربەستەکانی کات و شوێن.
سەرچاوەی ئینگلیزی:
1. www.loc.gov
2. www.ieee.org
3. www.unesco.org

