ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یاریزانانی یانەی شێروانە، بە هیوایەکی زۆرەوە چوونە نێو یارییەکەیان لەگەڵ یانەی دیر و بە بردنەویە ئەو یارییە، دەگەیشتنە خولی یانە پلەدووەکانی عێراق، بەڵام لەنێو یاریگەی خۆیاندا لە کاتی یاسایی و زیادکراودا یەکسان بوون و دواتر بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تووشی شکست هاتن و هەلی گەیشتنیان بەو پلەیە، لە دەست دا.
لە یاریی پاشکۆی خولی پلە سێی عێراق بۆ گەیشتن بە پلە دوو، لە کەلار هەردوو یانەی شێروانە و دیر بە یەک گەیشتن، هەرچەندە یانەی شێروانە لەو یارییەدا هەر زوو لە خولەکی چواری یارییەکەدا دەستی خۆی وەشاند و گۆڵێکی لە ڕێگەی بیلال ساڵحەوە تۆمار کرد، بەڵام وەڵامی یانەی بەرانبەر زۆری نەخایاند و لە خولەکی ١٩ی یارییەکەدا لە ڕێگەی موخڵیس عەبدەوە گۆڵی وەکیەکییان لە یانەی شێروانەی گەرمیان تۆمار کرد. بەوەوە نەوەستان و لە خولەکی ٢٧ـدا لە ڕێگەی سەجاد خەلیلەوە گۆڵی دووەم و پێشکەوتنیان تۆمار کرد. بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم لێ بدا، یاریزان کۆڕەنگ محەمەد لە خولەکی ٤٥+٢ـدا گۆڵی یەکسانبوونی گەرمیانییەکانی تۆمار کرد. نیوەی یەکەم بە ئەنجامی ٢-٢ گۆڵ کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا هەرزوو یانەی دیر جارێکی تر لە ڕێگەی موخڵیس عەبدەوە لە خولەکی ٤٧ـدا گۆڵی سێیەم و پێشکەوتنی تۆمار کرد. لە خولەکی ٦٣ی یارییەکەیشدا محەمەد تەها گۆڵی یەکسانبوونەوەی گەرمیانییەکانی تۆمار کرد. یارییەکە بە ئەنجامی ٣-٣ گۆڵ کۆتایی هات و کاتە زیادکراوەکانیش هەر بەو ئەنجامە بوو، بۆیە ناوبژیوان هەردوو تیمی بردە خاڵی یەکلاکەرەوەی سزا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامە، شێروانە بەخت یاوەری نەبوو و یارییەکەی بە ئەنجامی ٥-٦ گۆڵ دۆڕاند و هەلی گەیشتنی بە خولی پلەدووی عێراقی لە دەست دا، کە یاریزانان و دەستەی هونەری و کارگێڕی و هاندەرانی یانەکە هیوایەکی زۆریان هەبوو بگەنە پلەدووی عێراق، بەڵام ئەو ئاواتەیان نەهاتە دی و کەوتە ساڵ و وەرزێکی دیکە.

