كارزان گلی – ههولێر
دادگای تێهەڵچوونەوەی توركیا، كۆنگرەی ٣٨ی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بۆ یەكەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتە، پارتێكی سیاسی لە رێگەی دادگاوە ئەنجامی كۆنگرەی رەت بكرێتەوە و سەرۆكەكەشی لا بدرێت.
بەگوێرەی بڕیاری دادگا بێت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی جەهەپە هەر بڕیارێكی دابێت، بڕیارەكان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش كاردانەوەیەكی گەورەی لە توركیا دروست كردووە و بەشێك پێیانوایە، ئەمە گەورەترین كودەتای سیاسییە لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ سەر پارتێكی وەكوو جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، دەبێت ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ئەمە بڕیاری دادگایە، بەڵام سەركردایەتی ئەو پارتە و دەیان هەزار لە لایەنگرانی جەهەپە، رژاونەتە سەر شەقام و كلیچدارئۆغڵو رەت دەكەنەوە.
دوای بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە، سێ پرسیار زۆر گرنگە دەوروژێت:
یەكەم: كلیچدارئۆغڵو چۆن دەبێتەوە بە سەرۆكی پارت؟
دووەم: سەرۆكایەتی ئۆزگوور ئۆزەل، دووچاری چ فشار و زەحمەتییەك دەبێت؟
سێیەم: لەناو جەهەپە جیابوونەوە دروست دەبێت و پارتێكی تری سیاسی دروست دەبێت؟
بۆچی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە كەوتە دادگا؟
دوای ئەوەی كلیچدارئۆغڵو، هەڵبژاردنی بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دۆڕاند لە ٢٠٢٣، لەناو جەهەپە دەنگی ناڕازی دروست بوو بۆ لادانی كلیچدارئۆغڵو، ئەوەی سەرۆكایەتی ئەو دەنگە ناڕازییەی دەكرد، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بوو، كە ئێستا دەستگیر كراوە.
جەهەپە چووە ناو كۆنگرە، كلیچدارئۆغڵو، بەرامبەر بە ئۆزگوور ئۆزەل دۆڕا، بەڵام چەند ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو پارتە و خودی كلیچدارئۆغڵو، گوتیان ساختەكاری كراوە، ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل، پارەیان بەخشیوەتەوە و هەروەها بە ئەندامانی كۆنگرەیان گوتووە، دەنگ مەدەن بە كلیچدارئۆغڵو، لە داهاتوو دەتانكەین بە بەربژێری هەڵبژاردنی شارەوانییەكان.
پاشان چەند ئەندامێكی سەركردایەتی سەر بە كلیچدارئۆغڵو، داوای یاساییان تۆمار كرد، دوای چەندین دانیشتن، دادگا بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨یدا.
ئۆزەل، سەركەوتوو بوو وەكوو سەرۆكی جەهەپە، توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات و ببێتە پارتی یەكەم، لایەنگرانی جەهەپە ئەویان دەوێت و كلیچدارئۆغڵو رەتدەكەنەوە، بۆیە ناكۆكی و گرژییەكان تەشەنەی كردووە و چاوەڕێ دەكرێت كلیچدارئۆغڵو هەڵوێستی هەبێت و نەبێتە سەرۆكی پارت.
لەناو جەهەپە پارتێكی تازە دروست دەكرێت؟
لەناو سەركردایەتیی جەهەپە باس لە دروستكردنی پارتێكی تازە دەكرێت، چونكە بە هاتنەوەی كلیچدارئۆغڵو، دەبێت ئۆزەل و ئەوانەی پاڵپشتیی لێ دەكەن كۆتایییان پێ بێت، بۆیە بۆ ئەوەی دەنگی جەهەپە پەرت نەبێت و بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو كاریگەر بن، پارتێكی تازە دروست بكەن و بچنە ناو هەڵبژاردن.
ئۆزەل، لە دیمانەیەكیدا بۆ ئاژانسی دوێچەولەی توركی، نایشارێتەوە ماوەیەكی زۆرە پارتێكی یەدەگیان ئامادە كردووە، چونكە ترسیان هەبووە جەهەپە لە رێگەی دادگاوە دابخرێت.
ئۆزەل دەڵێت: ”لەناو جەهەپەدا ئێمە خاوەنماڵین و كرێچی نین، بەڵام پارتی یەدەگ ئامادەیە، تا ئەوكاتەی بتوانین دەسەڵات بگرینە دەست.“
چەند سەركردەیەكی جەهەپە پێیان وایە، بەپەلە ئەو پارتە تازەیە دروست بكرێت و رایبگەیەنن، ئۆزگوور ئۆزەلیش خۆی بكاتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە بەربژێربوونی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بە هەڵوەشاوە حیساب دەكرێت.
كلیچدارئۆغڵو تۆڵە لە ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو دەكاتەوە؟
كلیچدارئۆغڵو، بەڕوونی دەڵێت دەگەڕێمەوە بۆ سەر كورسی سەرۆكی جەهەپە و نایەڵێم جەهەپە دابەش و لاواز ببێت. بەڵام چەند میدیایەكی نزیك لە جەهەپە باس لەوە دەكەن، كلیچدارئۆغڵوە بەنیازە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل و هەموو ئەو سەرۆك شارەوانیانەی سەر بە جەهەپەن و بەهۆی گەندەڵی شارەوانییەكانیان قەیوم كراوە لە جەهەپە دەربكات، ئەمەش وەكوو تۆڵەیەكە و هێشتان پێی وایە ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل لە پشتەوە خەنجەریان لێی داوە.
كلیچدارۆغڵو، بەنیاز نییە جەهەپە بباتە ناو كۆنگرەی ئاسایی و دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی بێت بۆ ئۆزەل، چونكە بەهۆی ئەوەی دادگا قەیومی لەسەر ئۆزەل دانەناوە و تەنیا كۆنگرەی ٣٨ی هەڵوەشاندوەتەوە، بۆیە كلیچدارئۆغڵو دەتوانێت رۆژی كۆنگرە دیاری بكات و لەوێ دەسەڵاتی سەرۆكی پارت بدات بە ئۆزگوور ئۆزەل، بەڵام نزیكەكانی كلیچدارئۆغڵو ئەمە رەت دەكەنەوە و دەڵێن هەرگیز رێگە نادەین ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل سەرۆكایەتی جەهەپە بكەن.

