یاسین قادر بەرزنجی
کاک مەهدی کوڕە گەرمیانییەکی خێزانێکی زەحمەتکێش و پێشکەوتنخواز بوو، برا گەورەکانی، واتە کاک حسێن و هونەرمەند حەسەن گەرمیانی چەپ بوون، خۆیشی لە گەنجێتییەوە هەڵسووڕاوی یەکێتیی لاوان بووە.
سەرەتا بە شانۆوە دەستی پێ کردووە و ئەکتەر و نووسەری شانۆنامە بووە، تێکستەکانی بریتی بوون لە (مرۆڤ و چاخ و بیر) کە ساڵی ١٩٧٨ لە چاپ دراوە و (بووکی بەفر) کە ساڵی ١٩٧٩ لەچاپ دراوە و تیایدا بەسەرهاتی ژیانی شاعیری میللی عەلی بەردەشانی بە شێوازێکی نوێ داڕشتووەتەوە.
مەهدی ڕووی کردووەتە هونەری سینەما و تا دوا دوای ژیانی بەم هونەرەوە خەریک بووە، دەرهێنەرێکی ئەکادیمیست بوو، یەکێکە لە پێشەنگانی هونەری حەوتەم لە کوردستاندا و خاوەنی مێژوویەکی بەخششدارە لەو بوارەدا، دەرچووی کۆلیژی سینەمای مۆسکۆیە و هەر لەوێ بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە زانستەکانی سینەمادا بەدەست هێناوە.
لە وڵاتی سوید لەگەڵ هونەرمەندان پەیمان بەگۆک و قاسم عەزیز یەکێتیی سینەماکارانی کوردیان دامەزراندووە.
دوای ڕاپەڕین بۆ یەکەم جار کامێرای سینەمایی ٣٥ ملیمی هێناوەتە هەرێم و فیلمی(ڕاوە جنۆکە)ی بەرهەم هێناوە.
هاوڕێ هونەرمەندەکەمان سێ ساڵ مامۆستای کۆلیژی هونەر بووە لە زانکۆی سەلاحەدین، هەمیشە پشتیوان و هاندەری لاوانی بەهرەمەند بووە بە کوڕ و کچیانەوە لە ڕووی تێۆری و پراکتیکیشەوە.
لە مۆسکۆ سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی فیلمی (گەلەگورگ)ی کردووە کە لە چیرۆکەکەی مامۆستا حسێن عارفەوە ئامادە کراوە، هەر لە ڕووسیاش فیلمی سینەمایی (تونێل)ی دەرهێناوە.
بە هەوڵی ئەو بەڕێوەبەرێتی سینەمای هەولێر دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکی یەکەمین ڤیستیڤاڵی سینەمای وەزارەتی ڕۆشنبیری بووە و تیایدا خەڵاتی (ئاڵای زێڕین) بەخشراوە بە سەرکەوتووان .
مەهدی هونەرمەندی خەمخۆر و ئەفرێنەر، سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی ٣٥ کورتەفیلمی گەنجانی کردووە و لە ڤیستیڤاڵێکدا لە هەولێر نمایش کراون، هاوکات ڕێخۆشکەر بووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی هاوبەش (oproduction) لە نێوان هەرێم و دەرەوەدا.
کاکە مەهدی برامان جارجارە شیعریشی نووسیوە و لە پیاسەی ئێوارانی سلێمانی جارانماندا لەو شیعرە ناسک و تەڕانەی بۆ دەگوتین.
وێڕای هەموو ئەو بەخششانەی، لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆمانێکی نووسی و بڵاوی کردەوە لە کۆڕێکی جەمال عیرفاندا قسەی لەسەر کرا.
یادت بەخێر هونەرمەندە فرەبەهرەکە، یادت بەخێر مەهدی گیان، ئەو کەسەی لە دڵەوە هەموومانت خۆش دەویست، هەمیشە یادی خۆت و بەرهەمە جوانەکانت بەخێر.

