رۆژنامەی ھەولێر

نادیە: ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە شاکارێکە و بیر ناچێتەوە!

شیڤان شێرزاد

 

دوای ساڵانێک تێپەڕبوون بەسەر بەرهەمێک، کە بوو بەناونیشانی “نادیە” وەک کچە هونەرمەندێکی کورد و مانەوەی لە هزر و ناخی هەموواندا وەک بەرهەمێکی نەمر، “نادیە” لە غوربەتەوە دڵی خۆی بۆ “هەولێر” دەکاتەوە و دەچێتە نێو قوڵایی ئازارەکانی لە کۆڕی هونەری کوردیدا.

لەمبارەیەوە هونەرمەندی گۆرانیبێژ “نادیە” پەنجە دەخاتە سەر بەرهەمەکانی و دەڵێت: گۆرانی “ئەمن نیشتیمان تۆم هەر لەبیرە”، نزیکترین بەرهەمە لە دڵمەوە، چوونکە ئەو گۆرانییە وێنەی هەستی ڕاستەقینەی منە بۆ خاک و نیشتیمان، چوونکە کوردستان بۆ من تەنیا شوێنی لەدایکبوون نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ڕۆحم، من بە پەروەردەی کوردانە گەورە بووم. لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، هەست دەکەم بەشێکم لەوێیە، کاتێکیش ئەو گۆرانییەم گوت، هەوڵم دا هەموو ئەو خۆشەویستیی و دڵتەنگییەی ناخم بگوازمەوە بۆ خەڵک. هەروەها دوای ئەوەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵۆز بوو، هەستی نیشتیمانی لام بەهێزتر بوو و ئەوە وای لێکردووم بە شێوازێکی نوێ ئەو بەرهەمە دووبارە بڵاوبکەمەوە.لە کلیپەکەشم دا هەوڵم داوە جوانیی سرووشتی کوردستان و ڕووی جوانی وڵاتەکەم پێشان بدەم.
دەربارەی کاریگەریی موزیکی بیانی لەسەر گۆرانی کوردی، نادیە یاسین گوتی، “کاریگەریی موزیکی بیانی لەسەر گۆرانییەکانی ئێستا کارێکی ئاساییە، من چەندجار ئاوازی بیانیم بەکار هێناوە، چوونکە لە دەرەوەی وڵات گەورە بووم، سرووشتییە کە هەندێک ئاراستەی جیهانی کاریگەریم لەسەر دروست بکات، بۆ نموونە، لە یەکەم ئەلبووممدا هەندێک ئاوازی ئیسپانیم بەکارهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەمویستووە رەسەنایەتی موزیکی کوردی تێکبچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکاری شتێکی ئاساییە، بەڵام نابێت ببێتە هۆی ونبوونی ناسنامەی موزیکی کوردی، چوونکە ئەگەر موزیکمان لەدەست بدەین، زمانیش لە دوای ئەو لەدەست دەدەین، چوونکە موزیک هێزی گەورەی کۆمەڵگەیە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی زمان و کولتووردا ببینێت، بۆیە هەوڵ دەدەم بەرهەمگەلێک دروست بکەم، کە زیاتر مۆرکی ڕەسەنایەتی کوردییان هەبێت.