سلێمان تاشان – ههولێر
راپۆرتی نوێی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی هەناردەی نەوت کە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ بڵاو کراوەتەوە دەیسەلمێنێت کە داهاتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیون. هاوکات ڕاپۆرتی وەزارەتی داراییش بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ئاماژەی مەترسیداری تێدایە و هەر دوو ڕاپۆرتەکە دەیسەلمێنن کە دۆخەکە بۆ چارەگی دووەمی ئەمساڵ قەیراناویتر دەبێت.
لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد گەرووی هورمز داخرا قەیرانێکی گەورە لە ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی نەوت هاتە کایەوە کە یەک لەسەر پێنجی پێداویستیی نەوتی هەموو جیهانی دابین دەکرد. عێراق کە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هورمزەوە هەناردە دەکرد، لەو کاتەوە لە فرۆشتنی ئەو نەوتە بێبەش بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا عێراق بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار نەوتی هەناردە کردووە لە کاتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵ هەناردەی نەوتەکەی نزیک بووە لە حەوت ملیار دۆلار.
سەردەمێک کە عێراق مانگانە سەرووی سەد ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد ئێستا کەمتر لە یەک لەسەر دەی ئەو قەبارەیە هەناردە دەکات و زۆربەی ئەو نەوتەش لە ڕێی هێڵی کوردستان جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکان دەکرێت.
بەگوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە گشتی لەو مانگەدا نۆ ملیۆن وهەشتسەد و هەشتا و چوار هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و داهاتەكەیشی ملیارێك و هەشتا و حەوت ملیۆن دۆلار بووە.
ئەگەر نرخی نەوت بەرز نەبوایەوە ئەوا لەگەڵ دابەزینی سەرووی لەسەدا نەوەدی هەناردەی نەوت ئەوا داهاتەکەش لەسەدا نەوەد دادەبەزی بەڵام دابەزینی ڕێژەی داهات سەرووی هەشتایە هەر چەندە هێشتا ڕێژەیەکی بەرچاوە و کاریگەری لەسەر داهاتی عێراق هەیە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ عێراق لە ڕێی هێڵی نەوتی کوردستان جەیهانەوە ڕۆژانە سێسەد و سی و نۆ هەزار و شەست و چوار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتێک کە وەزارەتی دارایی بۆ داهات و خەرجییەکانی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی سێ مانگی کانوونی دووەم، شوباتی و ئادار کۆی داهاتی عێراق بریتی بووە لە بیست و پێنج ترلیۆن ودووسەد و پەنجا و نۆ ملیار دینار، کەچی خەرجییەکان لەسەرووی بیست و حەوت ترلیۆن دینار بوون و زیاتر لە ترلیۆنێک و هەشتسەد ملیار دینار کورتهێنان ڕوویداوە.
لەو سێ مانگەدا تەنیا لە دوو مانگیاندا هەناردەی نەوت ئاسایی و لە ئاداردا نائاسایی بووە و بۆیەش داهات کەمی کردووە.
لەو داهاتە زیاتر لە بیست و یەک ترلیۆن و دووسەد و بیست ملیار دیناری پەیوەندی بە داهاتی نەوت هەبووە و ئەوەی تر داهاتی ناوخۆیی بووە.
بەلەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت لە مانگی نیسان و بەردەوامبونی قەیرانی هورمز، چاوەڕێ دەکرێت دۆخی دارایی عێراق لە مانگەکانی داهاتوودا زۆر خراپتر ببێت چونکە ئەو پارەیەی عێراق بۆ مووچە و خەرجییەکان بەکاری هێناوە زیاتر پارەی ئەو نەوتە بووە کە لە مانگەکانی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ و کۆتایی ساڵی ڕابردوو فرۆشتوویەتی و بۆی گەڕاوەتەوە.
لە ڕاپۆرتی داهاتووی وەزارەتی دارایی عێراق کە ڕەنگە لە مانگی تەمووز یان ئاب، تایبەت بە چارەگی دووەم بڵاو بکرێتەوە چاوەڕوان دەکرێت داهات لە بیست و پێنج ترلیۆن دینارەوە بۆ خوارووی شەش ترلیۆن دینار کەم بکات و ئەگەر خەرجییەکانی حکوومەتی عێراق هاوشێوەی خەرجییەکانی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ بێت لە جیاتی ئەوەی کورتهێنان ترلیۆنێک و هەشتسەد ملیار دینار بێت، کورتهێنان دەگاتە نزیکەی نۆزدە ترلیۆن دینار، لەو کاتەشدا حکوومەت هیچ چارەیەکی نامێنێت جگە لەوەی کە هانا بۆ قەرز یان سود وەرگرتن لە یەدەگی دراو و زێڕەکەی ببات.

