رۆژنامەی ھەولێر

مۆڵەتی شوفێری لە هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەلیكترۆنی

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان موژدەیەكی دیكەی بۆ هاووڵاتییان راگەیاند ئەویش بوونی مۆڵەتی شوفێرییە بەشێوەی ئەلیكترۆنی.

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوكراوەتەوە، لەمەدوا سەرجەم شوفێرانی هەرێمی كوردستان دەتوانن مۆڵەتی شوفێرییەكەیان لە رێگەی مۆبایل و ئامێرە زیرەكاكانی دیكەی پەیوەندی نیشانی ئەفسەر و كارمەندانی هاتوچۆ بدەن.

وەزارەتی ناوخۆ هەروەها رایگەیاندووە: لەپێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان، وەزارەتی ناوخۆ بەیانی ژمارە (11)ی ساڵی 2026ی تایبەت بە مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لە رێگەى سەکۆى (KRDPass) دەرچوواند.

بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە پێنج ماددە پێکهاتووە كە بەمجۆرەی خوارەوەیە:-

ماددەی یەکەم:

مەبەست لە دەرچوواندنی ئەم بەیانە پەسەندکردن و بەفەرمی ناساندن و کاراکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵییە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆژیای زانیاری لە چوارچێوەی سەکۆی دیجیتاڵی (KRDPass).

ماددەی دووەم:

هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری، کە لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ بەفەرمی دەرچووە، لەلایەن شوفێرەوە لەکاتی داواکردنی لەلایەن ئەفسەر یان کارمەندی هاتووچۆ بە یەکێک لەم دوو شێوازەى خوارەوە دەبێت:

یەکەم: مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (کارت)

دووەم: مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی دیجیتاڵی کە بەردەستە لەسەر سەکۆی(KRDPass) لەسەر ئامێرە زیرەکەکانى پەیوەندی.

ماددەی سێیەم:

هەڵگرتن و خستنەڕووی مۆڵەتی شۆفێری دیجیتاڵی هەمان هێزی یاسایی و خەسڵەتی مۆڵەتی شوفێری (کارت)ی هەیە بە گشت خەسڵەتە ئەلیکترۆنی و نیشانە تەکنیکییەکانییەوە کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە دیاری کراون.

ماددەی چوارەم:

فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری هەڵدەستێت بە دیاریکردنی خەسڵەتە تەکنیکییەکان و شێوازەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی (Electronic Verification) بۆ مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی، بە دابینکردنی بەرزترین ئاستی متمانە و پاراستنی زانیارییە بەردەستەکان بۆ رێگریکردن لە هەر شێوازێکی ساختەکاری.

ماددەی پێنجەم:

ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە