نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ڕۆما، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە.
ئێوارهى ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕۆما، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهیەكدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانى هەرێمی کوردستان و عێراقى لەگەڵ ئیتاڵیا، له بواره جياكاندا تاوتوێ کرد.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ هاوكارى و پشتگيريى بەردەوامی ئيتاڵيا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان و پاراستنى سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ تایانی جەختی لە بەردەوامیی پشتگيريى ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە و ڕايگهياند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت وەک فاکتەرێکی ئارامی لە ناوچهكه، ههروهها ئامادەییی ئیتاڵیای نیشان دا بۆ فراوانکردنی هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا.
له تەوەرێکی ديكهى كۆبوونهوهكهدا، باسيان له دوایین پێشهاتەكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و لێكهوتهكانى كرد و جهختيان لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنى ئاشتی و سهقامگيرى كردهوه.

