رۆژنامەی ھەولێر

شاخەوان عەبدوڵا بە باشترین کەسایەتیی پەرلەمانی و سەروەری لە عێراق بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردرا

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە لووتکەی داهێنان و کاریگەریی 2026 لە قاهیرە، وەک باشترین کەسایەتیی پەرلەمانی و سەروەری لە عێراق هەڵبژێردراوە و میدالیای شکۆمەندی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتی و یاسادانانی پێ دەبەخشرێت.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق؛

پەیامی دکتۆر شاخەوان عبداللە سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتی کوردستان ، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکوو باشترین کەسایەتی پەرلەمانی و سیادی لەعێڕاق بۆساڵی 2026 لە لوتکەی قاهیرە.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە پێزانین و شانازییەکی زۆرەوە، دەنگدان و بڕیاری فەرمی ئەمیندارێتی گشتیی (لووتکەی داهێنان و کاریگەری 2026 لە قاهیرە) مان پێگەیشت، بۆ هەڵبژاردنی ئێمە وەک باشترین کەسایەتی پەرلەمانی و سەروەری لە کۆماری عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026 و بەخشینی میدالیای شکۆمەندی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتی و یاسادانان.

پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاڕاستەی لێژنەی باڵای دادوەری و ئەمینداری گشتیی لووتکەکە دەکەم بۆ ئەم متمانەیە، هەروەها دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ئاژانس و میدیا عەرەبی و ناوخۆییانە دەکەم کە بە شێوازێکی پیشەیی و شایستە ئەم دەستکەوتەیان ڕووماڵ کرد.

ئەم هەڵبژاردن و ڕێزلێنانە لە لوتکەیەکی ئاستبەرزی عەرەبیدا، دانپێدانانێکی هەرێمییە بە سەرکەوتنی ئەو کاروانە فکری و سیاسی و یاسادانانەی کە لە ڕێگەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجامی دەدەین؛ کاروانێک کە لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی، لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و داکۆکیکردنی بێوچان لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان دامەزراوە، و ئەو ئەرک و پرەنسیپانەمان لە ڕێبازی مەزنی بارزانی، حیکمەتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزاني و قوتابخانەی پارتیمان فێری بووین و سەرچاوەی گرتووە.

لەم پێگەیەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم متمانە ئیقلیمییە، بەرپرسیارێتی و پاڵنەرێکی بەهێزترمان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی خزمەتگوزاری و داکۆکیکردن لە سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی سەقامگیری. دووبارە سوپاس و پێزانین بۆ کۆماری میسری دۆست کە هەمیشە لانکەی داهێنان و کۆکەرەوەی سەرکردە کاریگەرەکان بووە.

د. شاخەوان عبدالله
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان