رۆژنامەی ھەولێر

سروشتی كوردستان ئامانەتێكی مێژووییە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەخت لە ستراتیژیەتی نەگۆڕی حكوومەت كراوە بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان وەك بنەمایەكی سەرەكی بۆ بەردەوامیی ژیان. لەم ڕووەوە، جەخت كراوەتەوە كە پاكڕاگرتنی ژینگە بەشێكی دانەبڕاوە لە پاراستنی تەندروستی گشتی و، سروشتی كوردستانیش ئامانەتێكی مێژوویی و بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانی و ئەخلاقییە كە دەكەوێتە سەر شانی هەموو تاكێكی كۆمەڵگە

پاراستنی ژینگە و ئاژەڵی كێوی لە هەرێمی كوردستان به ‌یاسای ژمارە 14 ماددەی یەك لە ساڵی 2022 ڕێك خراوە و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠٠٨، كە تێیدا هاتووە (هەموو مرۆڤێك مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەكی هێمن و پاكدا بژی و ئەركی هەموو كەسێكیشە كار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاكییەكەیدا بكات) – ماددەی سێیەم/ یەكەم گرنگی بەم كەرتە داوە.
لە دامودەزگاكانی حكوومەت هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی دەستی پێ كردووە، لە چەند فەرمانگەیەكی حكوومەت كیسەی نایلۆنی بۆ كۆكردنەوەی زبڵ و پاشماوەكان دابەش كراوە، رێنماییەکی تایبەتیش دراوەتە فەرمانبەران لەسەر پاكراگرتنی ژینگە؛ جگە لە دامەزراوە حكوومەتییەكان لەلایەن دامەزراوە حیزبیەكانیش پشتگیری ئەم هەڵمە ژینگەپارێزییە دەكرێت.
(هیرش مەولوود) بەرپرسی ناوچەی پێشەوای پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (هەولێر) دەڵێت: لە ژێر رۆشنایی كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی لەسەر بابەتی ژینگە كە مانگی چواری ئەمساڵ بوو، ئێمەش لە لقی 2 پارتیمان كۆبوونەوەیەكمان بەسەر پەرشتی بەرپرسی لق ئەنجامدا، توانیمان بە چەند چالاكییەك هەڵمەتێكی وەرزی ساز بكەین كە خۆی گرتبوو لە هەڵمەتی نەمام چاندن لە دام و دەزگاكانی حكوومەت، هەروەها هۆشیاركردنەوەی هەڤاڵان لە رێگەی سوشیال میدیا و ڕێنمایی تایبەت لەسەر ژینگەپارێزی بۆ نزیكەیی حەفت هەزار ئەندام لە سنووری ناوچەكەمان نێردرا، هەروەها كردنەوەی خولێك بۆ هەڤاڵان كە تێدا چەند وانەیەكی تایبەت لەسەر ژینگە لەلایەن خەڵكانی پسپۆرەوە پێشكەش كران و جگە لەمەش چەندین كۆڕو سیمینار لەم بارەیەوە ساز دران
(هیرش مەولوود) دەڵێـت: ژینگە پەیوەندی بە تەواوی تاكەكانەوە هەیە، بۆیە ئەركی تەواوی دامەزراوەكانە كە پشتگیری لەو هەڵمەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی ژینگەی پاك و خاوێنمان هەبێت گرنگیشە هاوڵاتیان ئاگادار بكرێنەوە كە بابەتی ژینگە بە هەند وەربگرێت. ئێمەش وەكو كە بەرپرسیارەتیمان لە ناو حیزبدا هەیە هەمیشە كادیران و لایەنگیرانمان ئاگادار كردۆتەوە كە هەرچی لەدەستیان بێت بۆ پاكراگرتنی ژینگە ئەنجام بدەین
ئەم بەرپرسەی پارتی گوتییشی دەڤەری بارزان بووەتە نموونەیەكی دیاری ژینگەپارێزی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی. ئەم هزرو فەلسەفە و كەلتووری‮ ‬ژینگەپارێزییە لە بارزان بووەتە میراتێكی‮ ‬جێی‮ ‬شانازی‮. ‬هەربۆیەش (بارزانی‮ ‬نەمر‮) ‬فەرموویەتی‮: (‬هەر شوێنێ گڕی‮ ‬گرت زوو بە هانایەوە بچن و سروشت بپارێزن،‮ ‬چونكە كەمتەرخەمی‮ ‬دەچێتە خانەی‮ ‬خیانەتەوە‮). ‬هەروەها سەرۆك (مەسعود بارزانی)یش دەفەرمێت‮: “‬كاتێك دەبینم دارێك دەبڕدرێتەوە،‮ ‬وەك ئەوە وایە كە پێشمەرگە‮ ‬یان هەڤاڵێكی‮ ‬خۆشەویست گیانی‮ ‬لەدەست دابێت”. ‬لە بارزان ئەم رەوشتە بە جۆرێ پەیڕەو جێبەجێ كرا، بووە هۆی‮ ‬پەرەپێدان و گەشەپێدانی‮ ‬هەست و ئەرك و كردارە ژێنگەپارێزییەكان‮ و كاریگەریشی هەبووە لەسەر ناوچەكانی دیكەیش. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیشدا (هێرش مەولوود) گوتی گرنگی پێددانی پارتیمان بە ژینگە مایەی شانازی و دڵخۆشییەكی قووڵە بۆ ئێمە، هەربۆش دەبینین فەرمانبەران و هۆشیار و خەمخۆر خۆبەخشانە دەبنە بەشێك لە پرۆسەی پاراستنی ژینگەی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگی بە كەرتی ژینگە داوە هەربۆیەش بە پێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ هەر ئۆتۆمبێلێك، ئینجا شوفێر یان سەرنشین، زبڵ و خاشاك فرێ بدات، بە بڕی چل هەزار دینار سزا دەدرێت
(هێمن شوكر) بەرپرسی رێكخراوی دارایی لە ناوچەی پیشەوا سەبارەت بە دەستپێكردنی هەڵمەتی ژینگەپارێزی لە دام و دەستگاكانی حكوومەت دەڵێت: مایەی خۆشحاڵییە كە دەبینین كە حكوومەتی هەرێمی گرنگی كەرتی ژینگە دەدات و خودی سەرۆكی حكومەتیش چەندین جار جەختی لە گرنگیی بایەخدان بە بابەتی ژینگەپارێزی كردۆتەوە و پێمان وایە هەر دارێك كە دەبڕدرێتەوە، هەناسەیەك لە سییەكانی زەوی كەم دەبێتەوە. پاراستنی دارستانەكان تەنها ئەركێكی ژینگەیی نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقییە بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوومان..
بەرپرسی رێكخراوی دارایی دەشلێت “پشتێنەی سەوزایی”، “پڕۆژەی ڕووناكی”، هەڵمەتە بەردەوامەكانی چاندنی نەمام و فراوانكردنی ڕێژەی سەوزایی، دروستكردنی پۆندەكان بۆ كۆكردنەوەی ئاو، كەمكردنەوەی بەرچاوی ژمارەی موەلیدە ئەهلییەكان و سەپاندنی ڕێكاری یاسایی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە. وایكردووە لە ئێستادا هەوای هەولێری پایتەخت بەپێی ستانداردە جیهانییەكان پاك ببێتەوە و كوالێتییەكەی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە. بە پێویستیش دەزانرێت كە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكان، لە لایەن خۆیانەوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی و پێشكەشكردنی توێژینەوەی تایبەت، ئەم گۆڕانكارییە گەورانە بخەنە ڕوو.
هەر لە سەر ئەم بابەتەش بەریوەبەرایەتی گشتی گومرگ وەكو یەكەمین فەرمانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی ژینگەپارێزی دەست پێكرد
هەڵمەتە ژینگەپارێزەكە بریتیی بوو لە دابەشكردنی ژمارەیەك زەرفی نایلۆن بەسەر بەسەر فەرمانبەران، بۆ مەبەسەتی كۆكردنەوەی پاشماوەی خاشاك لە سەیرانگاكان
سەفەر عەزیز یەكیكە لە كارمەندەكانی بەریوبەرایەتی گشتی گومرگ و بەشداریی لەم چالاكییە ژینگەییە كردووە، ئەو دەڵێت: ”ئامانجمان لەم كارە هەڵمەتە پاكڕاگرتنی سەیرانگاكانە، دەمانەوێ لە رێگەی ئەم چالاكییەوە، خۆشەویستیمان بۆ نیشتمانەكەمان دووپات بكەینەوە. پەیامیشمان ئەوەیە كە دەكرێ فەرمانگاكانی حكوومەت شانبەشانی ریكخراوە ژینگەییەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی و پاكڕاگرتنی ژینگە.”