عومەر چنگیانی
ئیمڕۆ ١٩/٥/٢٠٢٦ـی زایینی، بەرانبەرە بە ٢ـی مانگی زیلحیجەی ١٤٤٧ـی كۆچی و، ئەم هەینیەی ڕابردوو كردیە ٢٧ـی مانگی زیلقەعیدەی ١٤٤٧؛ بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بە ئەركی سەرشانمان زانی بابەتی سەردێڕ بخەینە بەر دەستی مامۆستایانی ئایینی كوردستان، تا لەبڕێگای دوانگەی پیرۆزی مزگەوتەكانەوە بیهێننەوە بیری نوێژکەراندا، كە سەرەتا بە سێ ئایەتەکەی ٢٦ هەتا ٢٨ـی سورەتی (حەج)ـەوە دەستمان پێ كرد كە دەفەرمێت: (وەختایەك ئێمە شوێنی كابەمان بۆ ئیبراهیم دەستنیشان و دیاری كرد، كە هیچ هاوەڵیك بۆ من پەیدا نەكەن و دانەنێن و، ئەو ماڵەم پاك بكەنەوە بۆ ئەوانەی دێنە سەردان و بە دەوریدا دەسووڕێنەوە و ئەوانەی لەوێ شەونوێژ دەكەن و خەریكی نوێژ و بۆخواچەمینە و كڕنۆشبردنن * فەرمانیشمان دا بە ئیبراهیم كە بانگی مەردمیەل بكات، كە بە پیادە و بە سواری لە هەرشوێنێكی دوور و زەحمەتیشەوە بێت دێن بۆ سەردانی كابە و، بێن بۆ حەج تا چەندین سوود ببینن و هاوكات یادی خوا بكەن لە چەند ڕۆژێكی دیاریكراودا و سوپاسگوزاریی خوا بكەن لەسەر ئەو مەڕوماڵاتانەی كە خوا پێی داون و خۆیشتان لێیان بخۆن و بەشی برسی و ناچار و هەژارانیشی لێ بدەن). بەڕاستی خودای تەبارەک و تەعالا منەتی کردووە بەسەر بەندە بڕوادارەکانیدا بەوەی کە وەرز و کاتی تایبەتی بۆ داناون بۆ خێر و چاکە، تاوەکو پاداشتەکانیانی تێدا چەند بەرامبەر بکات و، پلەیانی پێ بەرز بکاتەوە و، گوناهیانی پێ بسڕێتەوە؛ ئەمەش لە ڕەحمەت و خۆشەویستی خۆیەوەیە بۆیان. یەکێک لەو وەرزە مەزنانەش (دەهەڵان) یاخود دە ڕۆژی یەکەمی مانگی (ذيالحجة)یە.
فەزڵ و گەورەیی دەهەڵانی یەکەمی (ذيالحجة):
گەورەیی و فەزڵی هەرشتێک کاتێک دەردەکەوێت کە باس بکرێت و گرنگیی پێ بدرێت؛ خودای تەبارەک و تەعالا ئەگەر سوێندی بە هەر شتێک خوارد، ئەوە نیشانەی گەورەییی ئەو شتەیە، یان بۆ زیادکردنی گرنگیپێدانە پێی، یان بۆ بیرهێنانەوەیەتی. یەکێک لەوانە: دەهەڵانی یەکەمی (ذيالحجة)یە؛ کە پەروەردگارمان سوێندی پێ خواردووە و، لە ئایەتی یەكەم و دووهەمی سوورەتی(الفجر)دا دەفەرمێت: (سەوگەند بە بەیان و دە شەوەكە).
هەروەها خۆشەویستمان دروود و سەلامی خوای لەسەر، شایەتیی بۆ فەزڵی ئەم ڕۆژانە داوە و دەفەرمێت: (هیچ ڕۆژگارێك نییە هێندەی ئەم چەند ڕۆژە كردەوەی باش بە گرنگ وەربگیرین لەلای خوا).
زانایان دەفەرموون: ئەم ڕۆژانە بەوە جیا دەکرێنەوە کە بنەماکانی پەرستشی تێدا کۆ بووەتەوە، کە ئەوانیش: (نوێژ، ڕۆژوو، سەدەقە و، حەج)ـن و، ئەمە لە هیچ کاتێکی تری ساڵدا بەم شێوەیە پێکەوە کۆ نابێتەوە.
ئەو کردەوە چاکانەی مستەحەبە جێبەجێ بکرێن:
1. پارێزگاری لە نوێژەکان: لە کاتی خۆیاندا و بە جەماعەت، هەروەها نوێژە سوننەتەکان و خوێندنەوەی قورئان.
2. ڕۆژووی ئەم ڕۆژانە: چاوکردن لە کردەوەی پێغەمبەر ﷺ وەک لە هەندێک لە دایکانی بڕوادارانەوە (ڕەزای خودایان لێ بێت) گێڕدراوەتەوە و گەورەترین پاداشتیش ڕۆژووی ڕۆژی نۆمینەی حاجیان (عەرەفە)یە.
3. زیکر و یادی خودا: لە زۆر ڕیوایەتدا هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ زۆر “تکبیر و تهلیل و تحمید”ی دەکرد لەم ڕۆژانەدا و، ڕەوشتی سەلەفی ساڵح وابوو کە لە هەموو بارودۆخێکدا و لە ماڵ و بازاڕەکاندا خەریکی زیکر دەبوون.
4. چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوکدا: چ لە ژیاندا بن یان کۆچی دوایییان کردبێت، بە دۆعا و ئیستغفار بۆیان، هەروەها گەیاندنی سیلەی ڕەحم.
5. سەدەقە و ئیحسان: یارمەتیدانی هەژاران و لێقەوماوان، بەتایبەت لە بەرەبەری جەژنی قورباندا.
6. قوربانیکردن: بۆ ئەو کەسەی توانای هەیە لە ڕۆژانی جەژندا؛ وەک پەیڕەوکردنی سوننەتی پێغەمبەرەکەمان ﷺ.
موسڵمانی خۆشەویست! وریا بن خۆتان بپارێزن لە گوناهـ و سەرپێچی لە هەموو کاتێکدا، بە تایبەت لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا. با ئەم ڕۆژانە ببێتە وێستگەیەک بۆ تەوبە و تازەکردنەوەی نیەت و، هەموو ساتێکی بە یادی خودا و کردەوەی چاک بقۆزەرەوە، چونکە دەرفەتێکە دووبارە نابێتەوە و، ڕەنگە ساڵی داهاتوو تەمەن ڕێگەت نەدات ئەم ڕۆژانە ببینینەوە.

