فیکر و ئازادی
حەمەسەعید حەسەن
تا کولتوورە کۆنەکە ڕەت نەکەیەوە، کولتوورێکی نوێ داناهێنیت، کولتووری نوێ ئەوەیە خۆت دایدەهێنیت، لە کەسەوە فێری نابیت. کولتووری نوێ سەرڕێژە لە خۆشەویستی و هاوسۆزی و هارمۆنیا و ڕوونبینی. تا ئەو کولتوورە نوێیە نەدۆزیتەوە، با هەموو ژیانیشت چوارمەشقی دابنیشیت، ئەمە چییە خەریکی ڕامانیت، هیچ سوودی نابێت. هەر کەسە و بەپێی ڕێنوێنییەکانی ڕێبەرە ڕۆحییەکەی، خەریکی ڕامان دەبێت، دادەنیشێت و هەندێک وشە دووبارە دەکاتەوە، بێ ئاگا لەوەی لە ئەنجامی دووبارەکردنەوەی هەمان جۆری دانیشتن و گوتنەوەی هەمان کۆمەڵە وشەوە، وەک ئامێری لێ دێت و نەک هەر عەقڵی گوڵ ناگرێت، بەڵکوو دەبێتە خاوەنی عەقڵێکی بەردین. ڕامان تێگەییشتنە لە کرۆکی (من) و خۆ ئازادکردنێکی ڕەهایە لە خود، کۆششکردن نییە بۆ خودێکی باڵا. ئازادی ئەوە نییە لە ماڵێکدا بژیت، ئەوەیە دونیا بە ماڵی خۆت بزانیت. ئازادی ئەوەیە لە پانتایییەکی هێندە بەریندا بژیت، لە ئاسۆ و لە ئاسمان بچێت، ئاخر ژیان لە پانتایییەکی تەسکدا، چاوچنۆکی و ململانێ بەرهەم دەهێنێت.
ئەگەر دونیا بگەڕێیت، دەزانیت کێشەکانی مرۆڤایەتی کە بە ڕووکەش جیاواز دێنە بەر چاو، ڕاستییەکەی وەک کرۆک بەم یان بەو شێوە لە یەکدی دەچن. کێشەکانی پێوەست بە زەبروزەنگ و نەبوونی ئازادییەوە، نزیکەی لە هەموو جێیەک وەک یەک وان. برسییەتی و هەژاری لە ئاسیا و لە ئەفریکا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. لە هەر شوێنێک کەسانی بێسنوور دەوڵەمەند هەبن، لەوێ ستەم و زەبرزەنگیش هەن. لە هەر کوێ توێژێک های ڵایڤ بژی، لەوێ گەندەڵکارییش هەیە. دینیش کێشەیەکی هاوبەشی نێوان مرۆڤایەتییە بە تایبەتی کە بە حیزبی دەکرێت، تەنانەت لێکدانەوەی دین، کێشەی بۆ نزیکەی هەموو دونیا دروست کردووە. خۆشەویستی و مردنیش جێی پرسیار و ڕامانی خەڵکی سەرانسەری دونیان.
ئەگەر لەبارەی ئەو کێشە هاوبەشانەوە لەگەڵ یەکدیدا گوتوبێژ بکەین، بە ئاسانی کەناڵی ڕاست و دروستی پێوەندی بە یەکەوە کردنمان دەستگیر دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت، هیچ وشەیەک ئەو شتە نییە کە ئاماژەی بۆ دەکات، چونکە وەسف چەند ورد و ڕوون و جوانیش بێت، هێشتا هەر جیاوازە لە وەسفکراو. بە هۆی باوەڕەوە کە دونیای دابەش کردووە، دوژمنایەتی کەوتووەتە نێوان مرۆڤایەتییەوە. هەموو باوەڕێک گەوجایەتی بەرهەم دەهێنێت و چونکە زادەی خەیاڵی نەخۆشە، هیچ خزمەتێک بە واقیع ناکات. ئەوە باوەڕە شەڕ لە نێوان گەلاندا دەنێتەوە و لێ ناگەڕێت، لێبوردەیی بە ئاستەمیش هەستی پێ بکرێت.
ئایا پێمان دەکرێت، وەک خاوەن ئاکاری جوان بژین؟ دەتوانین بەبێ هانابردن بۆ زەبروزەنگ بژین؟ دەتوانین ئازادانە بژین؟ ئازادی ئەوە نییە چی بخوازین، بیکەین، ئاخر ئینسان لە هەر کوێ بژی، کۆمەڵ هەر لە قاڵبی دەدات و ئەگەر جیاوازییەک لە نێوان ئەم کۆمەڵ و ئەو کۆمەڵدا هەبێت، لە شێوەی قاڵبەکەدایە، ئەمیان لە قاڵبی ئیسلامی دەدات، ئەویان لە قاڵبی بوودایی. ئایا هیچ نەبێت دەتوانین ناخی خۆمان لە سانسۆری کۆمەڵ قوتار بکەین؟ بەبێ خۆ ڕزگارکردن لە سانسۆر، شتێک لە ئارادا نابێت، ناوی ئازادی بێت. ئینسان یان ئازادە، یان نا؟ یان لە زینداندایە، یان لە دەرەوەی زینداندایە، ئەوە بە دەردی ناخوات زیندانەکەی بۆ جوان، یان فراوان بکەن. ئازادی زادەی فیکر نییە، مەحاڵە ئینسان لە بازنەی فیکردا ئازاد بێت، ئاخر هەموو فیکرێک بەرهەمی ڕابردووە، ڕابردوویش هەرگیز ئازادی بەرهەم ناهێنێت.(*)
*
(*) کریشنا مورتی.

