رۆژنامەی ھەولێر

تەعریب هەرەشە لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەوەی ئێستا لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ڕوودەدات، ڕێک پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ـی دەستوورە و داھاتووی ئەو ناوچانەی بەرەو چارەنووسێکی نادیار بردووە. بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێستاش عەقلیەتی تەعریب و شۆڤێنی و داگیرکاری لە کەرکووک ھەر ماوە.

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە بە گوێرەی بەڵگە و ئامارەکان ١٠٠ ھەزار خێزانی عەرەب لە شارەکانی دیکەوە ھێنراونەتە کەرکووک، بەم ھەنگاوەش تەعریب لە م شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، گەڕەکی کوردستان نموونەیەکی تەعریب کردنی گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکە، گەڕەکێکە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، کورد دروستی کردووە و ئاوەدانی کردووتەوە، بەڵام ١٦ـی ئۆکتۆبەر ھاوکێشەکەی گۆڕی و ئێستا خەریکە ژمارەی عەرەب لە ژمارەی کورد زیاتر دەبێت، بەگوتەی ھاووڵاتییان پێشتر زیاتر لە ٩٦%ـی دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان کوردبوون، ئێستا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی عەرەب زیاتر دەبێت و ژمارەی کورد کەم دەکات، ھاووڵاتییان داوا لە بەرپرسان دەکەن ئەوەی خەڵکی شارەکە نییە نووسراویان بۆ بکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، چونکە ئێستا شەڕی داعش نەماوە و ھیچ مەترسییەکیش نییە، بوونی ئەو ھەموو عەرەبە، مەترسیی لەسەر کار و بژێوی ژیانی گەنجانی کوردی کەرکووک دروستکردووە.
ھەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داھاتووی شارەکە دروستکردووە، بووەتە مەترسی لەسەر دابڕاندنی کەرکووک لە ناسنامە کوردستانییەکەی، بەگوێرەی بەڵگەنامەکان ئەو تەعریبەی لە ساڵانی ڕابردوو لە کەرکووک کراوە، زیاترە لەو تەعریبەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە شارەکە کردوویەتی، گواستنەوەی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی، باوترین ڕێگەکانی تەعریبن لە کەرکووک.
کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور، ڕێوشوێنەکانی سڕینەوەی شوێنەواری تەعریبی دیاریکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە ڕووەدات، ڕێک پێچەوانەی ئەو ماددەی دەستوورە و داھاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
قەبارەی خێزانی عەرەب لە کەرکووک بەشێوەیەک زیادی کردووە کە بۆتە جێگەی سەرسوڕمانی بەرپرسانی کورد بەجۆرێک کە لایەنە کوردەکان پەنایان بۆ گەنجان بردووە و داوایان لێ دەکەن منداڵی زۆر بخەنەوە و ڕێگە نەدەن کورد لەڕووی ژمارە لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر بێت.
گەشەی خێزان بەشێوەیەکی بەرچاو لە گەڕەکە عەرەبنشینەکان زیادی کردووە، لە قەبارەی خێزانەکان بۆت دەردەکەوێت کە گەشەی خێزانی نەتەوەی عەرەب لەچاو کورد زۆر نابەرامبەرە، لە ھەر گەشەیەکی خێزانی لە نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک پێکھاتەی کورد زەرەرمەندی یەکەمە، چونکە ھێشتا چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلای نەکراونەتەوە، ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت بەگوتەی ئەوانەی لە بواری ئاماردا کار دەکەن ئایندەی ئەو شارە بە تەواوەتی دەکەوێتە دەست ئەوان و ھەموو بڕیارە چارەنووسازەکان لای ئەوان دەبێت.
کاروان کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێکخراوی شاڵاوی بە عەرەب کردن لە کەرکووک بەردەوامە، بۆ نموونە لە یەکەم ھەفتەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر خێزانی عەرەب لە ناوچەکانی دیکە ھێنراوە و لەناو کەرکووک نیشتەجێکراون، جیا لەمانە گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی و فۆڕمی خۆراک، کارتی نیشتەجێبوون بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم بۆیان دەرکراوە و ئەمەش تەعریبێکی زۆر مەترسیدارە.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: کاری ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، ھەروەھا بە دیکۆمێنتکردنی بابەتێکی نایاسایی و تەعریب و داگیرکاری و ئەو شتانەیە، ھەر شتێکیش ھەبێت سەرووی خۆمان لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوە کاری ئێمەیە و ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە، بۆ نموونە لە کەرکووک داگیرکاری، تەعریب و ھاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ ناو کەرکووک و دامەزراندنی خەڵکێکی دیکە لە جیاتی خەڵکی کەرکووک ھەیە ھەموو ئەمانە بە دیکۆمێنت کراون و سەرووی خۆمان لێ ئاگادار کردوونەتەوە، ھەندێک بابەت ھەیە شوێنی خۆی گرتووە و ھەندێک بابەتی دیکەش ھەیە بە ئامانج نەگەیشتووە.
کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان وەکو پێویست نییە، چەندین ساڵە کورد کە خاوەن ماڵە دەرکراوە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کەچی تا ئێستا یاساکە نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە یاسا پەیڕەو ناکرێت، تا ئێستاش عەقلیەتی تەعریب و شۆڤێنی و داگیرکاری لە کەرکووک پووچەڵ نەکراوەتەوە و ھەر ماوە.