رۆژنامەی ھەولێر

ئەردۆغان پیرۆزباییی لە ئامەد سپۆر كردووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەموو شتێك لەو كاتەوە دەستی پێ كرد، كاتێك ئامەد سپۆر، توانیی بگاتە یاری سوپەر لیگی توركیا، كە هەزاران كوردی باكوور رژانە سەرشەقام و خۆشییان کرد، جیا لەوەی سەركردەكانی كورد بە ئاهەنگ و شایی خۆشییان دەربڕی، یەكێك لەوانە ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی لەكارلادراوی مێردین بوو و لە نووسینێكیشدا گوتی ”ئامەد سپۆر نوێنەرایەتی كوردستان دەكات“، وشەی كوردستان هەرایەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و كار گەیشتە ئەوەی بە تورك بڵێن توركیا بەجێ بهێڵە!

چوونی ئامەد سپۆر بۆ سوپەر لیگی توركیا، سەركردەكانی توركیای هێنایە دەنگ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، پیرۆزبایی لە ئامەد سپۆر كرد، هەروەها دەوڵەت باخچەلیش بەهەمان شێوە پیرۆزبایی نارد، بەڵام محەڕەم ئینجە، سەرۆكی پارتی مەملەكەت و ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر گوتیان ئێمە یانەیەك ناناسین بە ناوی ئامەد سپۆر ئێمە تەنیا، دیاربەكر سپۆر دەناسین و گوتیان پیرۆزباییی لێ ناكەین.
ئەحمەد تورك، سیاسەتوان و سەرۆكی لەكارلادراوی شارەوانی مێردین، لە هەژماری خۆی لە (X) نووسیبووی: ”زۆر دڵم خۆشە، تیپێكی كوردستان گەیشتە سوپەر لیگ.“
مستەفا دەستیجی، سەرۆكی پارتی (BBP)، وەكوو وەڵامێك بۆ ئەحمەد تورك لە میتینگێكدا گوتی: ”كوردستانی چی كورە، ئێرە كۆماری توركیایە، ئەگەر بەدڵت نییە ئێرە بەجێ بهێڵە“ مەبەستی لەو گوتەیەش ئەحمەد تورك بوو.
هەروەها ئۆكتای سەراڵ، راوێژكاری ئەردۆغانیش هاتە ناو بابەتەكە و بە توندی دژی ئەحمەد تورك قسەی كرد و گوتی: ”كاتێك قسە دەكەیت، پێویستە سنوورێك بۆ خۆت دابنێت و سنووری خۆت بزانیت.“
ئەحمەد تورك، لەبارەی گوتەكانی دەستیجی گوتی ”قسەكانی ئەو بەهەند وەرناگرم و حیسابی بۆ ناكەم، كوردستان تێزێكی جوگرافییە، شوێنێكە مێژوو دانی پێدا ناوە. سەلجووقییەكان و عوسمانییەكانیش ئینكاری بوونی كوردستانیان نەكردووە. ئێمە كاتێك دەڵێن كوردستان، تەنیا مەبەستمان كورد نییە، لە كوردستان سریانی و ئەرمەن و عەرەبیشی لێ هەبووە.“
چوونی ئامەد سپۆر بۆ سوپەر لیگ، نەژادپەرستەكانی توركیای زۆر نیگەران كردووە، بۆیە كوردەكان دەڵێن، چوونی ئامەد سپۆر تەنیا بابەتێكی وەرزشی نییە، ئامەد سپۆر نوێنەرایەتیی ناسنامەی كورد دەكات و ئیدی ئەو یانەیە بووەتە شەرەفی كورد، بۆیە بەو شێوە دژایەتی دەكرێت و بە هەموو شێوەیەك پەلامار دەدرێت.
پێشتریش لەبارەی وشەی كوردستانەوە كێشە لەناو سیاسییەكانی تورك و كورد دروست بووە، بۆ نموونە ئەوكاتەی سەرۆك بارزانی لەسەروبەندی پرسی چارەسەریی ٢٠١٣ سەردانی ئامەدی باكووری كوردستانی كرد و ئاڵای كوردستانیان بۆی هەڵكرد، سەركردە نەژادپەرستەكانی توركیا دژی كوردستان قسەیان كرد و هەروەها رەخنەیان لە ئەردۆغان گرت، بەوەی ناوی كوردستانی هێناوە، بەڵام ئەردۆغان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”بۆچی بە ناوی كوردستان قەڵس دەبن، لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا ناوی كوردستان هەبووە و تەنانەت ویلایەتی كوردستان هەبووە، ئیتر بۆچی كاتێك ئێمە باسی بكەین بەو شێوەیە رووبەڕوومان دەبنەوە؟“