رۆژنامەی ھەولێر

جەم ئۆزدەمیر لە كۆچبەرێكی ئاساییەوە بۆ پۆستە باڵاكانی ئەڵمانیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەردەمانێك خانەوادەكەی وەكوو كارێكار لە توركیاوە روویان كردە ئەڵمانیا، باوكی چەركەزە و دایكیشی توركە، بەڵام هیچ كاتێك ئەو هەستەی نەداوەتە توركیا، كە ئەو وڵاتەی خۆش بوێت و دڵی لایان بێت، ئەو سیاسییە ناوی جەم ئۆزدەمیرە.

بەشێك پێیان وایە جەم ئۆزدەمیر، كۆچبەرێكی ئاسایی بووە لە ئەڵمانیا، بەڵام ئەم كۆچبەرییەی نەبووە رێگر لە بەردەمی تا ببێتە سیاسییەكی كاریگەر لە ئەڵمانیا و تا پلە وەزیری بڕوات.
ئۆزدەمیر لە ١٩٦٥ لە باشووری ئەڵمانیا لە شارۆچكەی بادوراچ لەدایك بووە، بەیەكێك لە سیاسییە هەرە گرنگ و بەناوبانگەكانی ئەڵمانیا دادەنرێت، چونكە بەردەوام جموجۆڵە سیاسییەكانی بووەتە مانشێتی رۆژنامەكانی ئەڵمانیا و جیهان.
لە تەمەنی ١٥ ساڵانەوە چووەتە ناو سیاسەت و لە پارتی سەوز بووەتە ئەندام، لە ١٩٩٤ بووەتە پەرلەمانتاری ئەڵمانیا، ئەمە بووە خاڵێكی گەورە و وەرچەرخانی ئۆزدەمیر، چونكە لەوێوە ئیدی چاوی لەوە بوو پلەی زیاتر بەرز ببێتەوە و بووە ئەو سیاسییەی میدیاكانی ئەڵمانیا بە گرنگەوە باسیان دەكرد و وێنەیان بڵاو دەكردەوە.
ئەوكات تەنیا دوو تورك توانییان ببنە پەرلەمانتار یەكێك لەوانە ئۆزدەمیر بوو، میدیاكانی توركیا بەگرنگەوە باسیان لە ئۆزدەمیر دەكرد، بەڵام ئەو هیچ كاتێك ئەو هەستەی نەداوەتە توركیا كە ئەو توركە و بەردەوام میدیای توركیای ئیهمال كردووە و بەهیچ شێوەیەك یەك وشەشی لە بەرژەوەندی توركیا نەگوتووە، بەپێچەوانەوە دژایەتیی كردوونە.
ساڵی ٢٠٠٢ وەكوو پەرلەمانتار دەستی لەكار كێشایەوە، چونكە بەسەردانێكی فەرمی چووە چەند وڵاتێك و گوتیان بەپارەی میللەت بلێتی فرۆكەی كڕیوە، بۆیە ئەویش وەكوو كاردانەوەیەك بۆ ئەو دەنگۆیە دەستی لەكار كێشایەوە. بۆ ماوەیەك لە ئەمریكا ژیا و پاشان گەڕیەوە و وەكوو پەرلەمانتاری یەكێتی ئەورووپا هەڵبژێردرا.
ئەوەندە كاریگەر بوو و پارتی سەوز ئەوەندە گرنگی پێدەدا، بۆیە وەكوو هاوسەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە. پاشان وەكوو وەزیری كشتوكاڵی ئەڵمانیا دەستبەكار بوو، ئەمەش دوای ئەوەی حكوومەتی هاوپەیمانیی پێكهێنرا و جەم ئۆزدەمیر لەسەر لیستی پارتی سەوز بووە وەزیر.
ئۆزدەمیر، ئەوكاتەی لەناو پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتگیری لە ئەرمەنستان كرد و گوتی توركیا كۆمەڵكووژی بەرامبەر بە ئەرمەنەكان كردووە، ئیدی توركیا وەكوو كەسێكی ناپاك ناوی برد و تەنانەت توركیایان لێی قەدەغە كرد. بەڵام ئەو بەردەوام داكۆكی لەوە كردووە، پێویستە لەناو پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆمەڵكووژی ئەرمەنەكان بناسێنرێت.
هەروەها چەند جارێك رەخنەی لە حكوومەتی ئاكەپە گرتووە، بەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیان بە ناحەق زیندانی كردووە و داوای لە حكوومەتی ئەڵمانیا كردووە هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بەو تاوانەی بەرامبەر بە دەمیرتاش كراوە.
لە ٢٠١٨، وڵاتی ئەرمەنستان، خەڵاتی شایستەترین كەسایەتیی ساڵی پێیدا، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو پاڵپشتییەی لە ئەرمەنستانی كرد دژی توركیا.
جەم ئۆزدەمیر، لە دوا هەڵبژاردنی ناوەخۆیی ئەڵمانیادا، توانی ببێتە سەرۆك وەزیرانی ولایەتی بادەن وۆرتەمبێرگ، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و میدیاكانی ئەڵمانیا و ئەورووپا بەگرنگەوە باسیان كرد، تەنانەت بەشێك لە میدیاكانی باس لەوە دەكەن، جەم ئۆزدەمیر چاوی لەوەیە لە داهاتوودا ببێتە سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیا.