بەهێزی نەتەوەیەک پەیوەستە بە بوونی ئاخێوەرێکی زۆری

زمانی دایک یەکەم زمانە کە تاکەکان فێری دەبن لە خێزانەوە وەری دەگرن هەر لە قۆناغی منداڵیەوە تاکو گەورەبوون، واتە منداڵ لە دایکیەوە فێری دەبێت و بەو زمانە قسە دەکات کە دایکی قسەی پێدەکات،بۆ نموونە زمانی دایکێکی کوردێک کە زمانەکەی کوردیە منداڵەکەش هەمان زمانی دایکی وەردەگرێت،واتە زمانی کوردی،بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فەرەنسی و ئەڵمانی و چینی .. هتد هەمان هاوکێشە ڕاستە دەتوانین بڵێین زمانی دایک بە میراتێکی مەعنەوی دادەنرێت بۆ مرۆڤەکان.

بۆچی زمانی دایک گرنگە؟
زمانی دایک ئەو زمانەیە کە لەگەڵ منداڵەکانت قسەی پێ دەکەیت و یەکەم زمانە کە فێری دەبن. ئەمە یەکەم پەیوەندیانە لەگەڵ ئێوە،وە لەگەڵ باقی خێزانەکان و کلتورەکەیان و کۆمەڵگاکەیاندا کە تێیدا دەژین. ئەمە یەکەم زمانە کە ئەوان بەکاری دەهێنن بۆ فێربوون دەربارەی جیهانی دەوروبەریان.
رۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی زمانی دایك دانراوە لە هەموو جیهان یادی دەکرێتەوە،چەندین کۆنفرانس و وۆرک شۆپ و چالاكی جۆراوجۆر یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە . لە جیھاندا شەش ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و بەشێکی زۆری زمانەوانان و لێکۆڵەرەوان ساڵانە داتاکان ڕادەگەیەنن لەم بارەوە،وە زۆرێک لە زمانەکان لەگەڵ دروستبوونی مێژووی مرۆڤایەتیەوە بەشێکی زۆر لە زمانەکان لە ناوچوون و نەماون بە هۆی نە بوون و نەمانی ئاخێوەر و قسەپێکەرانی زمانەکە. بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەشێکی زۆر بە (سەد زمان قسە دەکەن)، زمانی كوردیش لە ڕیزبەندی زمانە زیندووەکانی جیهاندایە.
زمان گرینگی و بایەخێکی زۆری هەیە کە لە کۆمەڵێک هێماو یاساو ڕێسای زارەکی پێکهاتووە بە ئامرازێکی گرینگ و سەرەکی دادەنرێت بۆ ڕێکەوتن و لە یەکتر تێگەیشتنی تاکەکان لە نێو یەکتردا. گفتووگۆ و ئاخاوتن پەیوەندیەکی زارەکیە بە کاریگەرترین جۆری پەیوەندیکردن دادەنرێت لە نێو تاکەکاندا. سۆز و بیر دەوروژێنێ، پێوەندیی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵک بەهێزدەکات، زانیارییە ئاسایی و گرنگەکان دەگوازێتەوە، هۆیەکە لە هۆیەکانی دەربڕینی بیر و گوزارشت کە لە هەستی مرۆڤدا بوونیان هەیە .
هەر نەتەوەیەک خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی و پێویستە هەموو تاکێک لە هەر نەتەوەیەکدا بێت ئەوە بزانێت کە زمان ناسنامەی نەتەوەیە هەروەها فاکتەرێکی مانەوە و بەهێزی هەر نەتەوەیەک لەسەر بوونی ئاخێوەرێکی زۆری زمانەکەی وەستاوە،هەرچەندە قسەپێکەرانی زمانەکە زیاتربێت ڕۆڵ و پێگەو بەهێزی نەتەوەکە لە جیهاندا دیارتر دەبێت.
زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە بۆ دەربڕینی سۆز و بیرکردنەوەکان، بەڵکو بنەمایەکی زۆر گرنگە بۆ ڕووداو و مانەوەی نەتەوەکان.تەنانەت هەموو نەتەوەکانی جیهان لەسەر جۆر و گرنگی و بەهای دیاریکراوی وەک:( زمان، کولتوور)ەوە لە باب وباپیرانەوە بوونیاد نراون، ووردە ووردە ئەو کەسانەی کە بەهەمان زمان قسەیان کردوە لە کەمەوە بوون بە کۆمەڵگا و دواتر بوون بە خاوەنی نەتەوە پاشان هەر ئاخێوەرانی ئەم زمانە پاراستوویانەوە نەوە لە دوای نەوە پارێزگاریان لە فەرهەنگ و کلتووری زمانەکە کردووە، لەبەر ئەم هۆیەیە کە زمان گرنگییەکی زۆری هەیە لە ژیانی گشتیدا.
(ئەڤرام نوام چۆمسکی کە بە باوکی زمانناسی مۆدێرن دادەنرێت ) زمانناس و فەیلەسوف و بیرمەند و چالاکوانی سیاسی بەناوبانگی ئەمریکیە، سەبارەت بە زمان دەڵێت : زمان بە تەنها ووشە نیە، بەڵکو زمان کلتوورە،نەریتە،ڕێکخەری کۆمەڵگایە .سەرلەبەری مێژووە کە بەردەوام پێمان دەڵێت،،کە ئەمانە هەموویان لە زماندا بەرجەستە کراون .
بەڵام نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە زمان بە کلتوری نەتەوەیەک دادەنرێت . ئەرکە سەرەکییەکەی زمان ئەوەیە هەر شتێک پەیوەندی بە کەلەپوور و نەتەوەو فەرهەنگەوە هەبێت، لە لەناوچوون دەیانپارێزێت .
ئایا زمانی دایک لە ناو کوردا لــــە چ ئاستێک دایە؟
وەک دەزانین زمانی کوردی لە پێنج زاری سەرەکی پێکهاتوون و بەسەر چەند شێوەزارێکدا دابەش بووە،کە بەپێی ناوچەی جوگرافیای کوردستان،زار و شێوەزارەکان جیاوازن . بێگومان دابەشبوونی کوردستان بۆ چوار پارچە وای کردووە کە هەندێک لە دیالێکتەکان لە ناوبچن بە هۆی ئەوەی کە زمانی کوردی تێیاندا قەدەغەکراون، دابەشكردنی کوردستان بۆ چەند پارچەیەك کاریگەری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی ئاخێوەرانی زمانی کوردی، چونکە ئازاد نین لە بەکار‌هێنانی لە خوێندن و نوسین بە زمانەكە لە بەشێكی ئەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە بۆتە یەكێك لە كێشەكان بۆ زمانی كوردی، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت و بەتایبەت لەڕووی دانانی زمانێكی ستاندارد، چونكە دەبێتە هۆی زیاتر بەهێز كردن و بڵاوبونەوەی زمانەكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی. چونکە بوونی زمانێکی ستانداردی کوردی، پێویستیەكی هێندە گرینگە بۆ ‌پرسە سیاسی‌و مێژوویی ‌و كولتووری ‌و كۆمەڵایەتیەكان کە مانای كورد بوون‌ و بوون بە دەوڵەت و، پاراستنی كولتوور‌و فەرهەنگ، دەربازبوون‌ و تێپەڕاندنی بیری ناوچەگەری، پێشكەوتن‌ و شارستانیەتی کۆمەڵگا، دەگەیەنێت.
هەروەها گرینگە پارێزگاری بکرێت لە زمانەکە بە جۆرێک کە زیاتر ووشە کوردی و پەتیەکان بەکاربهێنن،بتوانن فەرهەنگی ووشەکان بپارێزن بۆ ئەوەی زمانەکە لەشێوان و تێکەڵی بە دووربگرن.

چی باشە بکرێت بۆ ئەوەی منداڵان کەفێری زمانی دایکیان دەبن هەمووبنەماو کلتوور و شوناسی ئەو زمانە فێرببن کە لە دایکیان وەری دەگرن ؟
بەپێی هەموو ئەو توێژینەوانەی کە لەلایەن زمانناسان ئەنجام دراوە، پێویستە منداڵ یەک زمان کە لە دایکیەوە فێردەبێت زۆر بە باشی فێری هەموو ئەو بنەماو ڕێسایانە ببێت کە لە زمانەکەدا هەیە. دەبێت دایک و باوکان لە گرنگی ئەم کارە تێبگەن و منداڵەکانیان بە بەردەوامی هان بدەن بۆ ئەوەی لەسەرەتادا زمانێکی پاراو فێر بنن،دواتر هەوڵی ئەوە بدەن کە زمانی دووەم بۆ تێکەڵاوبوون بە جیهانی دەرەوە فێربن کە دوای زمانی دایک ئینجا زمانی دووەم بایەخی پێبدەن کە ئەمەش گرنگی خۆی هەیە لەپاڵ زمانی دایک دەبێتە هۆی کرانەوەی بیرو ئەندێشەی منداڵ واتە ئەوانەی فێری زمانی دیکە، جگە لە زمانی دایک دەبن، کراوەتر بیردەکەنەوە. هاوکات رێخۆشکەرە بۆ باشتربوونی کوالیتیی ژیانیان کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی هۆشیاریی کولتووری هەروەها فیربوونی زمان دووەم لە دوای فێربوونی زمانی یەکەم سوود بە مێشکی منداڵ دەگەیەنێت و کارکردنی مێشک چالاکتر دەکات .

ھەواڵی زیاتر