ئهمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.
لە دیدارەكهدا: باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە سەرۆک بارزانی و خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دا هاتن و دەرگاکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ کردنەوە و پاڵپشت و هاوکاریان بوون بە تایبەت بۆ کریستیانەکان.
هەروەها دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکهاتەکان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەکەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن.
ههر له دیدارهكهدا: باڵیۆزی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دهربڕی کە پاڵپشت بووه بۆ بنیاتنانی زانکۆی کاتۆلیکی و نەخۆشخانەی عەنکاوە و چەندین قوتابخانەی تایبەت بۆ کریستیانەکان تا بتوانن بە زمانی دایک بخوێنن.
لە بەشێکی تری دیدارکەدا، باڵیۆزی ڤاتیکان باسی لە دوا سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و دوایین سەردانی قەداسەتی پاپا فڕانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتگیری خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپاتکردەوە.
سەرۆک بارزانی جەختی لە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە بووەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن و ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم کولتوورە بەردەوامبێت و پەرەی پێ بدرێت.
هەروەها سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکە بەبێ جیاوازی.
هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی قەداسەتی پاپا و حکوومەتی ڤاتیکانی کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشوازییەی لە دوایین سەردانیان بۆ ڤاتیکان لێیان کرا و هیوای خواست قەداسەتی پاپای ڤاتیکان لە داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

