رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و کابینەکەی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و کابینەکەی دەکەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

مەسرور بارزانی هیوای خواست کە ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری و ئاشتی لە عێراقدا، هەروەها ببێتە مایەی چارەسەربوونی گشت کێشەکانی وڵات، جێبەجێکردنی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

ئەم پیرۆزباییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە کابینەی حکومەتی عەلی فالح زەیدی بەخشی تاوەکو وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات دەستبەکار بێت.