رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ١٥ سەرۆكشارەوانیی جەهەپە هاتونەتە ناو ئاكەپەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

سەرۆكی شارەوانی ئەفیۆن‌قەرەحەسار، لەسەر لیستی جەهەپە، وازی لە پارتەكەی هێنا و چووە ناو ئاكەپەوە، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لەناو جەهەپە دروست كردووە و دەڵێن خیانەتی لە دەنگدەر و پارتەكەی كردووە.

بورجوو گۆكسەل، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، لەسەر لیستی جەهەپە توانیی شارەوانی ئەفیۆن‌قەرەحەسار بباتەوە، بەڵام بە فەرمی چووە ناو ئاكەپە و ئیدی ئەو شارەوانییە لەلایەن ئاكەپەوە بەڕێوە دەبرێت، چونكە سەرۆكی شارەوانییەكە چووەتە ناو ئاكەپەوە.
بورجوو، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، بە فەرمی چووەتە ناو ئاكەپەوە، بەڵام جەهەپە لە دوای چەند رۆژێك و لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبدا، بورجوویان لە پارت دەركرد.
بورجوو، قسەی بۆ چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا كردووە، گوتوویەتی بێزار بووم لە جەهەپە و ماوەیەكی زۆرە داواكاریم هەبووە و پشتگوێیان خستووە، بۆیە بێئومێد بووم و هاتمە ناو ئاكەپەوە.هەروەها بورجوو، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیای كردووە و لەوێ بەڵێنی داوە دڵسۆز بێت بۆ ئاكەپە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەبارەی ئەوەی راستە بورجوو چووەتە ناو ئاكەپە گوتی: “ماوەی ٢ رۆژە پەیوەندیی پێوە دەكەم و ناتوانم پەیوەندییەكە وەربگرم.مادام بۆ خۆی قسە ناكات و وەڵامی میدیاكان ناداتەوە و وەڵامی جەهەپەش ناداتەوە، كەواتە دەنگۆیەكە راستە و چووەتە ناو ئاكەپەوە.”
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤دا، ئاكەپە دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە، لە كۆی ١٦ گەورەشارەوانی، ١٢یان دۆڕاند و هەروەها لە شارەوانییەكانی تریشدا هەر جەهەپە یەكەم پارت بوو و ئاكەپە بووە پارتی دووەم.
بەڵام ئاكەپە سیاسەتێكی تری لەگەڵ جەهەپە بەكار هێنا، ئەویش راكێشانی ئەو سەرۆكشارەوانیانە بوو كە سەر بە جەهەپەن، بۆ ئەمەشیان سەركەوتنی بەدەست هێنا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ٢٠٢٤ەوە تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٥ سەرۆكشارەوانی جەهەپەیان بەجێ هێشتووە و هاتوونەتە ناو ئاكەپە، ئەمەش گورزێكی گەورە بوو بۆ جەهەپە، بەتایبەت چوونی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئایدن.
جەهەپە، بەتوندی دژی ئەو سیاسەتەی ئاكەپەوە دەوەستێتەوە و دەڵێت ئەمە كڕینی ئیرادەی دەنگدەرە و هەموو ئەو سەرۆكشارەوانییانەش بە خیانەتكار ناو دەبەن كە چوونە ناو ئاكەپە و پێیان دەڵێن بۆ پارە خۆیان فرۆشتووە.
بەگوێرەی ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاكانی جەهەپە بڵاو كراوەتەوە، بورجوو چەند گەندەڵەییەكی لەسەر ئاشكرا بووە، ئاكەپە هەڕەشەی لێ كردووە ئەگەر دەیەوێت بپارێزرێت و ئەو گەندەڵیانەی نەدرێتە دادگا، پێویستە دەستبەرداری جەهەپە ببێت و بێتە ناو ئاكەپە، بۆیە بورجوو بۆ پاراستنی خۆی چووەتە ناو ئاكەپەوە.