رۆژنامەی ھەولێر

بەپێی بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی زەیدی، دەبێت چەک بە تەواوی لە دەستی دەوڵەتدا بێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عەلی زەیدی کەوتووەتە نێوان بەرداشی هەر دوو هەژموونی ئێرانی و ئەمریکی و دیار نییە دەتوانێت خۆی لە داواکارییەکانی هەر دوو لایەن ڕزگار بکات یان داواکارییەکانی یەکێکیان هەڵبژێرێت و پشت لە ئەوەی تر بکات یانیش هاوسەنگیی هێز و هەژموونی ئەمریکا و ئێران بە یەکەوە لە عێراق بپارێزێت.

زەیدی هەر دوای ئەوەی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرا ئەمریکا پیرۆزباییەکی گەرمی لێ کرد، هەرچەندە دواتر پیرۆزباییەکە هەندێک داواکاری و مەرجیشی بەدواوە بوو. لە بەرامبەردا ئێرانیش دەستەوەستان دانەنیشت تا تەنیا سەیرکەری ڕووداو و پێشهاتەکان بێت بەڵکوو ترسی لەدەستدانی هەژموونی هەیە و بۆیەش هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆی بەگەڕ خستووە تا بتوانێت پارێزگاری لە پێگەی مێژوویی و هەژموونەکەی خۆی لە عێراقدا بکات.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو جار سەردانی بەغدای کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ هەندێک لە ڕێبەر و لایەنە سیاسییەکانی شیعەدا کۆ بووەتەوە.
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کاندیدی ڕاسپێرداوە بۆ سەرۆک وەزیران، ئەمریکا دەخوازێت حکوومەتی نوێ بە هەموو شێوەیەک بێبەری بێت لە گرووپە میلیشیاکان و تەواوی ئەو ڕێبەر و فەرماندە و کەسایەتییانەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان. لە بەرامبەردا ئێران دەیەوێت گرووپەکان بە پێی ئەو سەنگ و قورساییەی لە پەرلەمان هەیانە پشکیان لە ناو حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.
رۆژی دووشەممە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ئیسماعیل قائانی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا وێڕای ئەوەی داوای کردووە سەرۆکی ئەو گرووپانە لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دوور نەخرێنەوە لە هەمان کاتدا دژی ئەوەش بووە گرووپە چەکدارەکان لە چەک داماڵڕێن.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە واشنتن چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی دەکات دژی ئەو گرووپانە و ئومێدەوارە گرنگترین هەنگاوی حکوومەتی داهاتوو ئەوە بێت ئەو گرووپانە بە تەواوی لە دەسەڵات دوور بخاتەوە و دەستیان لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی کورت بکاتەوە .
ئەمریکا چەندین ساڵە ئەم داوایەی لە حکوومەتەکانی عێراق هەبووە بەڵام داواکاریی ئەمساڵی جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو و نایەوێت داواکارییەکەی تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا بمێنێتەوە. ئەمریکا پێی وایە ئەو گرووپانە زیانیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوەندە دیپلۆماسییەکان گەیاندووە و ڕۆڵیان گێڕاوە لە سپیکردنەوەی پارە و پووچەڵکردنەوەی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون.
هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندبوو بە مەرجێک هاوکارییە دارایی و ئەمنییەکانی بۆ عێراق درێژە پێ دەدات، عێراق بە تەواوی لە گرووپە میلیشیاکا ڕزگار کرابێت.
ئەمریکا سێ مەرجی دیاری کردووە یەکەمیان ئەوەیە گرووپە میلیشیاکان لە هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت دوور بخرێنەوە، دووەمیان ئەوەیە هەموو جۆرە یارمەتییەکی دارایی لەو گرووپانە ببڕدرێت و مووچەی چەکدارەکانیش بە تەواوی ڕابگیرێت.
بەپێی بەرنامەی کاری عەلی زەیدی کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو پێشکەشی پەرلەمانی کرد لە یەکێک لە خاڵەکان پێداگری لەوە کردووە کە دەبێت چەک بە تەواوی لە دەستی دەوڵەتدا بێت، خاڵێک کە جێی ڕەزامەندی ئەمریکایە بەڵام سەیر لەوەدایە هەر لە بەرنامەکەدا باسی لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی حەشدی شەعبی دەکات.
ئەمە دەیسەلمێنێت کە عەلی زەیدی دەیەوێت دڵی هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران لە خۆی ڕازی بکات و بە سازی هەردووکیان سەما بکات.
زەیدی پشت لە ئێران بکات بەر تووڕەیی و غەزەبی بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئێران دەکەوێت، پشت لە ئەمریکا بکات بەر تووڕەیی و غەزەبی ئەمریکا دەکەوێت و عێراق ڕووبەڕووی سزای زۆر قورس دەبێتەوە کە زیان بە بەرژەوەندی هەمووان دەگەیەنێت. جگە لەمە سەردەمی هاوسەنگیی دەسەڵات و هەژموون لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەسەرچووە و سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کەسێکی نییە ئەوەندە خاوەن هێز و پێگەی سیاسی بێت کە ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.