رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان لە عێراق دەکات

ئەمرۆ چوارشەممە 5/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.

سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.

باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە ، سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی حکومەت دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستییان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان.

باڵیۆزی ڤاتیکان ئاماژەشی بەوە دا کە کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و نزای پێشکەوتن و خێر و ئاشتی بۆ دەکات.

چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.