رۆژنامەی ھەولێر

نووسەر و گۆشەگیری

بژار حەکیم

 

گۆشەگیری وەک واتا: لە کاتێکدا کە پێناسە باوەکانی گۆشەگیری بە حاڵەتێک مرۆڤ تەنیا و دوور لە خەڵکە دەناسێنن، بەڵام گۆشەگیری خۆی بە حاڵەتێکی دەروونی دادەنرێت، لەلایەن لێکۆڵەرانەوە پێناسە دەکرێت بە هەستکردن بە تەنیایی زیاتر لە جارێک لە هەفتەیەکدا، کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە بەتاڵی و تەنیای و رەتکردنەوەی قەرەباڵغی.

کەسانی گۆشەگیر زۆر پێویستیان بە هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ کەسانی دیکەدا، بەڵام باری دەروونییان پەیوەندیکردنیان بە کەسانی دەوروبەرەوە لەلایان قورس دەکات، مەرج نییە گۆشەگیر هەمیشە تەنیا بێت، بەڵکو رەنگە هەست بە گۆشەگیری بکات تەنانەت کاتێک خەڵکی دەوریان داوە، بە هەمانشێوەی حاڵەتی قوتابییەکانی تازە کە هەست بە تەنهایی دەکات وێڕای ئەوەی هاوڕێیەکی زۆری نیشتەجێی ئەوێ دەوریان داوە. کاتێك کەسێك داوات لێ دەکات وەسفی کەسێکی گۆشەگیر بکەیت، لەوانەیە بیرت بۆ کەسێك بچێت بیر و بۆچوونی بۆ خۆی هەڵدەگرێت یانیش هەستەکانی بەش ناکات لەگەڵ جیهانی دەرەوە. لەوانەیە بیرت بۆ ناسیاوێکت بچێت خۆی بەدوور دەگرێت لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، خوشك یان برایەك کە لە گۆشەیەکی ژوورەکە دانیشتووە تێکەڵی خێزان نابێت خۆی بە خوێندنەوەی کتێبێك یان بە مۆبایلەکەی سەرقاڵ کردووە. ئەی ئەوانەی ئاسوودەن بەوەی شەوەکەیان لە ماڵەوە بە ئارامی بەسەر ببەن وەك لەوەی بڕۆنە دەرەوە بۆ شوێنێکی قەرەباڵغ؟ لەوانەیە تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکی تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانیشت تەواو هیلاکت بکات، ئەگەر ئەوەت تێدا بەدیکرا دەکرێت شك بکەیت کەسێکی گۆشەگیریت. گۆشەگیری یان داخراوی جۆرێکی سەربەخۆی کەسایەتی نییە، بەگشتی هەڵسوکەوتەکانی کەسایەتی پێنج جۆری سەرەکین: (وریایی، قایلی، دەمارگیری، قسەلەڕوویی، کراوەیی)؛ کەمبوونی کرانەوە لە کەسێکدا گۆشەگیری دەهێنێتە ئاراوە، لە بەرامبەریشدا ئەگەر زۆر بوو ئەوا کەسەکە کۆمەڵایەتی دەبێت. دەروونناس کاڕل یۆنگ یەکەم کەس بووە باسی خۆگۆشەگیرکردنی کردووە، تێبینی ئەوەی کردووە کە چۆن گۆشەگیرەکان جیا دەکرێنەوە لەوانی دی بەگوێرەی ئەوەی کە چۆن وزەیان بۆ دەگەڕێتەوە یان دووبارە وزەی پێشووتر دەدۆزنەوە. گۆشەگیرەکان بەپێی پێناسەکەی ئەو، ژینگەیەکی کەمتر ھاندەریان پێ باشترە، تەنها پێویستیان بە کات ھەیە بۆپڕکردنەوەی وزەکە.
ئەو گۆشەگیرییەی ئەمڕۆ ھەیە لە خەڵکیدا گۆشەگیرییەکی تەواو نییە و کەسەکان بەتەواوی گۆشەگیرنین، کەسەکان دەکەونە نێو شوێنێکەوە بەدرێژایی شەبەنگەکە و ئەو توخمانەی ھەردوو تایبەتمەندیەکەیان ھەیە لە دەوریاندا دەبن.
گۆشەگیری و داهێنان: گۆشەگیری یان گۆشەگیربوون لە ڕووی دەروونناسییەوە وەک نەخۆشیی دەروونیی پێناسە دەکرێت، بەڵام لەو باسەدا دوور لە گۆشەگیریی دەروونی قسە لەبارەی گۆشەگیربوونی نووسەر دەکەین، نووسەری گۆشەگیر چۆنە و دەیەوێت چی بکات. لە روانگەی گۆشەگیریی نووسەرەوە باز دەدەین بۆ گۆشەگیریی داهێنان، کە ئامانجی گۆشەگیریی نووسەر بۆ کەشفکردنی نەگوتراوەکانە و پێوەندیی بە ئیگۆوە هەیە لەوێشەوە بۆ حاڵەتی سوپەرئیگۆ. گۆشەگیری لە دەرەوەی نەخۆشیی دەروونی ڕوو لە کەشفکردن و داهێنان دەکات، چونکە نووسەر لە گۆشەگیریدا دەچێتە حاڵەتی قووڵی بیرکردنەوە و درککردن بە دیاردەکان و دۆزینەوەی ماناکانیان؛ کەواتە گۆشەگیریی نووسەر گۆشەی داهێنانە، خۆدوورگرتنە لە قەرەباڵغی و چوونە نێو بێدەنگی و بیرکردنەوەیە، بۆ وەرگرتنی وەڵامە نەگوتراوەکان و دەستخستنی ئەو پرسیارانەیە کە نەکراون.
جیاوازیی نێوان گۆشەگیری و تەنیایی: لەنێوان (گۆشەگیری و تەنیایی) جیاوازییەکی زۆر هەیە، بە تایبەتی وەرگرتنی چەمکی گۆشەگیری لە ڕووی پێناسی دەروونی و نەخۆشی. بەڵام ئەوانەی گۆشەگیری لە دەرەوەی چەمکی نەخۆشی وەردەگرن، ئەو کەسانەن لەنێو کۆمەڵگەدا ئازاریان چەشتووە و بەرانبەرەکانیان تووشی تێنەگەیشتن و هەڵە قەدرزانینی ئەوان بوون. بۆیە ئەو کەسە بڕیاری خۆگۆشەگیرکردن دەدات، لە دوور کەسەکان و قەرەباڵغیی بێسوود بیر دەکاتەوە و دەنووسێت بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی مرۆڤە پەراوێزخراوەکان. هەندێکجار لە گۆشەگیرییەوە دەچێتە نێو زانستە مرۆڤایەتیەکان و کەشفکردن لە دەروون و بیرکردنەوەیدا سەر هەڵدەدات، هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا لەبری گۆشەگیری (ئارامگرتن) روو دەدات، بەڵام ئەوە لەگەڵ گۆشەگیریدا جیایە. رووبارە قووڵەکان بە هێمنی دەڕژێن [هارووکی مووراکامی]، گۆشەگیری بۆ کەسێک کە نووسەر نەبێت نەخۆشییە، بەڵام نووسەری گۆشەگیر لە دەرەوەی پێناسە نەخۆشی و دەروونییەکاندا مامەڵە دەکات، چونکە نووسەر گۆشکردنی خۆی و خۆجیاکردنەوەی لە خەڵک بەئاگایی و ئامانجێکە، کە مەبەستەکەی کەشفکردن و داهێنانە. تەنیایی هەژاریی رۆحە، بەڵام گۆشەگیری دەوڵەمەندییەکەیەتی. [مای سارتۆن].
لەو نێوەندەشدا بابەتی پرسیارکردن لە (گۆشەگیری و بێدەنگی) دێتە گۆڕێ، ئاخۆ بێدەنگیی تاکەکانیش جۆرێک نییە لە گۆشەگیری؟ یان بێدەنگی و کەمدوویی پێوەندیی بە گۆشەگیرییەوە نییە؟ یان وەک لقێکی گۆشەگیری سەیر ناکرێت؟
گۆشەگیری و نووسین: لەو حاڵەتدا نووسەر لە گۆشەگیریدا ورد نووسینەکانی دادەڕێژێ، بە دیقەتەوە وشە لەنێو ڕستەی مانادا دەچێنێت. ئاستی کوالێتیی نووسین لە گۆشەگیریدا ئاستێکی باڵا لە ڕووی فۆرم و نێوەڕۆکی باسەکە وەردەگرێت و ئاستی نووسینەکە دەچێتە پێشەوە و بە هۆی قووڵی زمانی بیرکردنەوە، زمانی نووسین دەبێتە جیاوازی و داهێنان.