فازڵ میرانی
دەبوو پەیوەندیی نێوان هەردوو پایتەخت، تەنها لە ڕێگەی دەستووری ئێستای عێراقەوە ڕێکنەخرێت، بەڵکوو دەبوا بەرهەمی پێکەوەبوونی خودی ئەو کەسانە بێت کە دەستوورەکەیان نووسیوەتەوە؛ چونکە زۆربەیان ساڵانێکی درێژ لە خەباتی هاوبەشدا کۆبووبوونەوە و گەیشتبوونە لێکتێگەیشتنێک کە بووە هەوێنی فکرێکی سەرکەوتوو بۆ حکومڕانی. ناکۆکییەکان هەمیشە خراپ نین، بەڵکوو وەک نیشانەکانی نەخۆشین کە دەبنە هۆی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی دەردەکە. نەخۆشیش کە جۆرێکە لە تاقیکردنەوە، پێویستی بە تێگەیشتن، دانبەخۆداگرتن و بڕوابوون بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە. ئەم بنەمایە وەک چۆن بۆ جەستەی مرۆڤ ڕاستە، بۆ سیاسەتیش هەر وایە؛ چونکە سیاسەت لە ڕەهەندێکیدا، بەرهەمی داهێنانی مرۆڤە لە ڕووی فکری و کردەییەوە، هاوکات ڕوونترین ئامرازیشە بۆ دەرخستنی جۆر و قووڵایی ئاراستە و مەیلهكان. لە چوارچێوەی ڕۆژنامەوانیدا، هەموو هەوڵە سیاسییەکان لە چەند دۆسیەیەکی ناکۆک یان پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان دوو ئاراستەدا کورت دەکرێنەوە، ئەویش وەک “ناکۆکیی هەولێر و بەغدا”. بۆ مێژووش بیڵێین؛ بەغدا کە لە ڕاستیدا قووڵاییەکی واقیعییە بۆ کوردستان بەو پێیەی پایتەختی دەوڵەتی فیدراڵە، پێش ساڵی ٢٠٠٣ پایتەختی بەرهەمهێنانی ناکۆکیی زۆر سەختتر بوو، بەڵام ئەو کات بابەتەکان بەم شێوازەی ئەمڕۆ چوارچێوە نەکرابوون؛ ئەمەش نە بۆ پیاهەڵدانی ئەمڕۆیە و نە بۆ سەرزەنشتکردنی دوێنێ. مێژووی ململانێی بەغدا لەگەڵ کورد و بارزانیی باوک، هەروەها لەگەڵ نەوەی دووەمی ڕەمزەکانی نەتەوەکەمان، لە خاڵێکدا لەگەڵ ئێستا و لە خاڵێکیشدا لەگەڵ ڕابردوو هاوبەشە. سەرچاوەی ئەم دوو خاڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو “عەقڵییەتە حوکمڕانە”ی کە پێشتر بەدوای سەپاندنی پاشکۆیەتییەکی گشتیدا دەگەڕا، لە سەردەمی ئێستاشدا کێشەکە لەوەدایە کە بڕیاری سیاسی پێشوەختە دەدرێت، بەرلەوەی لێکۆڵینەوە بۆ بنەماکانی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی ناو هاوکێشەی حوکمڕانی بکرێت، کە لەسەر بنەمای فیدراڵی دامەزراوە. سەبارەت بەم دوو خاڵەش، لە جەوهەر و خواستیاندا -ئەگەرچی لە دوو ڕژێمی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە- بەڵام تەنیا لە ڕووی سەرچاوەی دەرچوونیانەوە جیاوازن؛ ئەویش سەرچاوەی تێگەیشتنێکی هەڵە و چەوتە بۆ چەمکی دەسەڵات. لێرەدا بە کورتی و بێلایەنانە ڕوونکردنەوەیەک دەدەین: ڕژێمی پێشوو کە لەسەر بنەمای کردەوەکانی کۆتایی پێ هێنرا، ڕژێمێکی ئایدۆلۆژی بوو لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی و مەیلی سەربازیدا؛ ڕژێمێک بوو خاوەن دیدگا و سەرەتاکانی خۆی بوو، کە یەکێک بوو لە نموونە زۆرەکانی سیستەمی حوکمڕانی لە ناوچەکەماندا. ئەو ڕژێمە کارێکی دەکرد بۆ تێکەڵکردنی تیۆرییەکان لەپێناو چەسپاندنی شەرعییەتەکەی و پاراستنی بڕیارەکانی، تەنانەت ئەو بڕیارانەشی کە وەک بڕیاری تاوانکاری پۆلێن دەکران. لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانە و بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بڕیار درا بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو ڕژێمانەی کە چیتر ناوەڕۆک و ئەدایان لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەند نەبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی شەرعییەتی ناوخۆییان لەدەستدابوو؛ عێراقیش سەرەتای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بوو. هەولێر، کە کورتکراوەی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و قورسایی پارتی دیموکراتی کوردستانە، توانی ئەنجامی کارە سیاسییەکانی بکاتە هەوێنی پێشکەوتنی زۆر ؛ سوودی لە هەموو بارودۆخەکان وەرگرت تاوەکو کوردستان بخاتە سەر ڕێڕەوی ڕێکخستنی یاسایی و کارگێڕی. هەر بۆیە پەرلەمان و حکوومەتێکی هاوپەیمانی پێکهێنرا کە شایەنی سوپاسگوزاری بن بۆ ئەو هەوڵانەی لە بەڕێوەبردنی وێرانترین کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دایان. هەروەها نابێت سوپاسی نەتەوەکەمان و بزووتنەوە سیاسییەکەی فەرامۆش بکرێت بۆ ئەو هۆشیارییەی لەو قۆناغەدا نیشانیان دا، کە تێیدا جدییەتی گۆڕینی ئەدا لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ حوکمڕانی کەوتە ژێر تاقیکردنەوەوە.
رەنگە سەیر و لە هەمان کاتدا بەسوود بێت کە کوردستان لە ڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە پێش پارچەکانی دیکەی عێراق کەوتبێت؛ ئەزموونی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣-بەبێ چاوپۆشین لە شەڕی ناوخۆ و فشارەکان- توانی ئەزموونێک لە هەردوو کایەی سیاسی و کارگێڕیدا بچەسپێنێت، کە زۆر کەس نەیانویست سوودی لێ وەرگرن بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەکانی دوای ٢٠٠٣. پێویستە ئاماژە بە گرنگیی ئەو زنجیرە گفتوگۆیانە بکەم کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجام دران؛ مەبەستم سەردانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و ئەو سەردانە سیاسییەی کە خۆم لەگەڵ وەفدێکی حزبەکەمان بۆ بەغدا ئەنجاممان دا. ئەمانە سەردانی لێکتێگەیشتن و شێوازەکانی کارکردنی نوێ بوون، کە ئامانجمان لێی (بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلی کوردستان) بوو.
لە ڕاستیدا ئەم بەرژەوەندییانە تووشی زیانێکی گەورە بوون و نامانەوێت ئەو زیانانە بەردەوام بن. ئێمە هیچ کات بانگەشەی ئەوەمان نەکردووە کە ئەزموونەکەمان بێ کەموکووڕی بێت، هەروەک چۆن ئەزموونی لایەنەکانی دیکەش ڕەنگە بێ کێشە نەبن. بە ڕاشکاوی؛ جەوهەری دۆزەکەمان لەو پێویستییە بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بریتییە لە “دەوڵەتی هاووڵاتیبوون”؛ دەوڵەتێک کە ڕێگری بکات لە باڵادەستیی بیروباوەڕێکی دیاریکراو یان ڕێکخراوێکی سیاسی بەسەر مافەکاندا. ئەو فاسیلەیی کە پێویستە لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت، دەبێت بەگوێرەی دەق و ڕۆحی دەستوور، فاسیلەیەکی سوودبەخش بێت لە ڕووی سیاسی، جێبەجێکردن، دادوەری و یاسادانانەوە؛ نەک فاسیلەیەک بێت کە بارگاوی کرابێت بە وێناکردن و ویست و مەرامی تایبەت.

