رۆژنامەی ھەولێر

دەرگـــا بکەنەوە!

ژیـــوار فــــەلاح
مەلێکی ناسکی لە دڕکاڵاوی منارەی سیسی تارانم، دەرگا بکەنەوە!
سەرێکی بێ‌ تیماری بانەم، دەرگا بکەنەوە!
جەرگی سووتاوی سەردەشتم، جۆگەیەکم لە خوێنڕۆیشتووی جەستەی قازی، دەرگا بکەنەوە!
شیعرێکی ناسکی موکریانم، وێڵی دەرمانم، دەرگا بکەنەوە!
گەرووی وشکی کامکارانم، ماسیفرۆشێکی ڕێی مەریوانم، دەرگا بکەنەوە!
کەوێکی شاهۆنشینم، نەورەسێکی ملبەخوێنی زرێبارم، دەرگا بکەنەوە!
ئاوازێکی وێڵبووی کەمەندیم، ئاویەری حەپەساوی سنەم، دەرگا بکەنەوە!