رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارانی هەولێر و دهۆك گەیشتنە شاری ئامەد

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، لەسەر بانگهێشتی فەرمی هاوسەرۆکانی شارەوانی گەورەی شاری ئامەد گەیشتنە ئەو شارە.

هەردوو پارێزگاران لەلایەن ئایشە سێرا بوجاک کوچوک و دۆغان هاتوون هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد و شاندی یاوەریان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

ئەم سەردانە فەرمییەی ئومێد خۆشناو و عەلی تەتەر بە مەبەستی بەشداریکردنیانە لە (کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی) کە بڕیارە لەنێوان 12 بۆ 16ی ئایاری 2026 لەژێر دروشمی پێکەوە(Bi Hev Re) لە شاری ئامەد (دیاربەكر) بەڕێوە بچێت.

کۆڕبەندەکە ئامانجی سەرەکی دروستکردنی زمانێکی هاوبەشی هیوا، بونیادنانی ئاشتی و کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانە، کارنامەی چالاکییەکان چەندین وۆڕکشۆپ، پانێڵ، پێشانگە، کۆنسێرت و ڕێپێوانی یادکردنەوە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، مافەکان، ژنان و ئیکۆلۆژی لەخۆ دەگرێت.

بەشداریکردنی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەم چالاکییەدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لەگەڵ شاری ئامەد و وڵاتی توركیا لە قەڵەم دەدرێت.