ئەمڕۆ دووشەممە 5/11، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سینگچۆل لیم، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی کونسوڵی گشتیی کۆریای باشووری کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور کردووە. سەرۆکی حکومەت هەروەها پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی حکومەت و گەلی کۆریا دەربڕی.
کونسوڵی گشتیی کۆریا، ستایشیی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان هەمیشە لە دڵمدا دەبێت.

