رۆژنامەی ھەولێر

لەیلا قاسم و مانیفێستی بەرگری

زیــــــبا تـەهـــــــــــا
مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەبێ ئامادەیی و كاریگەریی کارای ئافرەت، مێژوویەکی ناتەواو دەبێت، چونکە ئافرەتی کورد لە هەموو وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، نەک هەر وەک پشتیوان، بەڵکو وەک کاراکتەرێکی جەوهەری و داڕێژەری ستراتیژیی بەرگری دەرکەوتووە. خەباتی ئافرەتی کورد لە قووڵایی مێژوودا ڕەگی هەیە و لە “ماڵ”ەوە وەک یەکەمین دامەزراوەی پاراستنی زمان و كەلتووردەستیپێکردووە، کاتێک دایکی کورد لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆک و لایەلایەکانەوە، ڕێگری لە تواندنەوەی نەتەوەیی کردووە. ئەم خەباتە لە سەدەی بیستەمدا فۆرمێکی نوێی وەرگرت و لە قاڵبێکی مەدەنی و سیاسییەوە گۆڕا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانی و چەکداری، کە تێیدا ئافرەتان سەلماندیان پاراستنی نیشتمان و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئامانجێکی پیرۆزە و هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی ناناسێت.
لە ڕوانگەیەکی شیكارییەوە، دەکرێت بڵێین ئافرەتی کورد زۆر زوو لەو ڕاستییە تێگەیشتبوو کە چەوسانەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزی لە ژێر سایەی داگیرکاریدا دوو ڕووی یەک دراون، بۆیە ئازادیی خاک و سەربەخۆیی نیشتمانی بە مەرجی سەرەکی بۆ ڕزگاریی مرۆڤی کورد بینیوە. ڕۆڵی كەسایەتیە دیارەكانی ئافرەتانی كوردستان و دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بناغەی خەباتێکی سیستەماتیكیان دانا کە دواتر ڕێگەی بۆ کچانی وەک لەیلا قاسم خۆشکرد. ئەم مێژووە نیشانمان دەدات کە ئافرەتی کورد هەمیشە لە نێوان بەرداشی داگیرکاری و دابونەریتی کۆنەپەرستانەدا، توانیویەتی جێپەنجەی خۆی لە ناو جەرگەی ڕووداوەکاندا بەجێبهێڵێت و ببێتە بڕبڕەپشتی شۆڕشە مەزنەکانی وەک ئەیلوول و گوڵان، کە تێیدا ئافرەتان لە شاخ و شاردا بوونە قەڵایەکی پتەوی بەرگری.
لەیلا قاسم، وەک قوتابیەك لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی بەغدا، نوێنەرایەتی لوتکەی هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسیی ئافرەتی کورد دەکات لە هەستیارترین قۆناغی مێژووییدا. ڕۆڵی لەیلا لەناو جەرگەی بەغدا، وەك ئافرەتێك تەنها قوتابییەكی چالاك نەبوو، بەڵکو ئاڵنگارییەكای گەورەی فیکری و سیاسی بوو بەرامبەر بە ڕژێمێکی فاشیست کە هەوڵی سڕینەوەی هەموو سیمبولە کوردییەکانی دەدا. لەیلا قاسم بە تێگەیشتنێکی قووڵەوە بۆ چەمکی ئازادی، خەباتی لە ناو کایە ئەکادیمییەکانەوە گواستەوە بۆ ناو مەیدانی کردەیی و نیشانی دا کە زانست و نیشتمانپەروەری دوو باڵن بۆ گەیشتن بە لوتکەی مرۆڤایەتی. ئەو کاتێک لە ساڵی ١٩٧٤دا دەستگیرکرا، نەک هەر نەبووە قوربانییەکی بێدەنگ، بەڵکو زیندان و دادگای کردە سەکۆیەک بۆ ڕاگەیاندنی مانیفێستی ڕەوایی دۆزی کورد و بە هەڵوێستە مێژووییەکانی، شکۆی داگیرکەرانی تێکشکاند.
کاتێک باس لە هەڵوێستی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکەین بەرامبەر بە شەهید لەیلا قاسم، دەبینین کە سەرۆک بارزانی هەمیشە وەک سیمبولێکی باڵای نەتەوەیی و ڕەمزی خۆڕاگریی ئافرەتی کورد سەیری دەکات. لە ڕوانگەی جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، لەیلا قاسم تەنیا شەهیدێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نییە، بەڵکو ئەو قوتابخانەیەکی گەورەیە کە تێیدا وانەکانی فیداکاری، سەرنەواندن و دڵسۆزی بۆ خاک دەوترێتەوە. سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوێنی لەیلا قاسم و هەزاران شەهیدی دیکە، بنەمای ئەو قەوارە سیاسی و ئازادییەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەیە، و ڕێزگرتن لە لەیلا قاسم بە ڕێزگرتن لە هەموو ئەو ئافرەتانە دەزانێت کە لە پێناو شکۆی نەتەوەکەیاندا گیانی خۆیان بەخت کردووە. ئەم دیدگایە بووەتە هەوێنی ئەوەی کە ئەمڕۆ ئافرەتی کورد لە ژێر سایەی سەرکردایەتیی کوردیدا، بگاتە ئاستێکی باڵا لە بەشداریی سیاسی و بڕیاردان.
لە قۆناغی ئێستادا و وەک وەفایەک بۆ ئەو مێژووە پڕ لە شانازییەی کە شەهید لەیلا قاسم بە خوێنی خۆی نووسیویەتی، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی، هەنگاوێکی پیرۆزی ناوە بۆ نەمریی ئەم کەسایەتییە. بڕیاری دروستکردنی پەیكەرێكی شکۆدار بۆ شەهید لەیلا قاسم لە ژێر ناونیشانی (ئازادی بۆ نیشتمان) و جێگیرکردنی لە فلكەی شەهید لە شاری خانەقین، کە زێدی ڕەسەنی خۆیەتی، پەیامێکی قووڵی سیاسی و نەتەوەیی لەخۆدەگرێت. ئەم پەیكەرە تەنیا هێمایەکی هونەری نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیەکە لەسەر ئەوەی کە خانەقین وەک شارێکی کوردستانی، هەمیشە مەڵبەندی پێگەیاندنی تێکۆشەران دەبێت و بیری نەتەوەیی تێیدا هەرگیز نامرێت. یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەم کارەیان، بیسەلمێنن کە پەیامەکەی لەیلا هێشتا زیندووە و نەوەی نوێی ئافرەتانی کورد بە هەمان ئیرادە و بڕوابوونەوە، کار بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیشتن بە ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.
لەکۆتاییدا، دەکرێت بڵێین لەیلا قاسم بووەتە قیبلەنمایەک بۆ خەباتی ئافرەتی کورد لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادییدا. ئەو بە زەردەخەنەکەی بەرەو سێدارە، وانەیەکی بە جیهان دا کە دەڵێت ئیرادەی نەتەوەیەک بە پەتی سێدارە کپ ناکرێت. ئەمڕۆ کە پەردە لەسەر پەیكەرەکەی لادەدرێت، دووبارە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکرێتەوە کە مێژووی کورد مێژوویەکی زێڕینە بەهۆی هەبوونی کچانی وەک لەیلا قاسم. تێکۆشانی ئەو و هاوڕێکانی، هەمیشە وەک مەشخەڵێکی ڕووناک کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان ڕووناک دەکاتەوە و پەیامی (ئازادی بۆ نیشتمان) دەبێتە دروشمی هەمیشەیی هەموو ئەو ئافرەتانەی کە بڕوایان بە سەرفرازیی کوردستان و شکۆی مرۆڤایەتی هەیە، و ئەم پەیكەرەش دەبێتە شایەتێکی زیندوو بۆ نەوەکانی داهاتوو تا بە شانازییەوە باس لە قارەمانێتیی شەهید لەیلا قاسم بکەن.