ڕۆژی یەکشەممە 10ـی 5ـی 2026 لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە سەنتەری شارۆچکەی
شەقڵاوە و لە بناری چیای سەفین، پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووسی
ناوداری کورد، خوالێخۆشبوو “محەمەد مەولوود – مەم” لادرا و کۆبەرهەمە ئەدەبییەکانی بە خوێنەران ناسێندران.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، جەماوەرێکی بەرچاو و بەرپرسانی حزبی و حکومی، نووسەران، ئەدیبان و ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن قائیمقامی شارۆچکەی شەقڵاوە پێشکەشکرا پاشان وتاری پارێزگاری هەولێر و یەکێتیی نووسەرانی کورد و خوێندرایەوە، هاوکات ژمارەیەک چیرۆکنووس و نووسەر بابەت و وتاریان پێشکەشکرد.
ئافەرین خان خێزانی خوالێخۆشبوو، لە ڕێورەسمەکەدا وتاری پێزانین و دەستخۆشی بۆ ئامادەبووانی ڕێوڕەسم پێشکەشکرد.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، نووسەر و فەرهەنگنووسی بەنێوبانگ ماجی ڕۆحانی ئامادەبوو.
وەک نیشانەی وەفا و ڕێزلێنان بۆ مێژووی پڕ لە داهێنانی ئەو چیرۆکنووسە، د. سالار
عوسمان چەپکەگوڵی ڕێزی پێشکەش بە خانەوادەی خوالێخۆشبوو کرد.
چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووس، محەمەد مەولوود (١٩٢٧-١٩٨٧)، یەکێکە لە پێشەنگەکانی چیرۆکی کوردی و یەکەم چیرۆکی لە ساڵی ١٩٥١ بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە دامەزراندنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری هەولێر بووە.

