رۆژنامەی ھەولێر

زیاد ئەسعەد ئاواز و تێکستێکی خۆی داوەتە سیڤان عەباس و بەمزووانە بڵاوی دەکاتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی “ئەو یارە” کە ئاواز و تێکستەکەی لەلایەن زیاد ئەسعەدەوە پێی دراوە، بەمزووانە بڵاوی دەکاتەوە.

سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: بەرهەمی “ئەو یارە”، لە تێکست و ئاوازی زیاد ئەسعەدە کە پێشکەشی منی کردووە بۆ ئەوەی ئەو گۆرانییە بڵێم، زۆر سوپاسی دەکەم کە لە گۆرانییەکی هەڵپەڕکێدا دەستی منی گرتووە کە یەکەم ئەزموونمە گۆرانی هەڵپەڕکێ بڵێم، کارێکی جیاوازە بۆمن، خۆشبەختانە کە زیاد ئەسعەد گوێی لە گۆرانییەکە گرتەوە، پەسەندی کردووە و زۆری بەدڵ بووە، هەم لەرووی گوتنەوە، هەمیش لەرووی میوزیکەوە کە بۆی کراوە.
سیڤان عەباس گوتیشی: ساڵی 2020 لە کەناڵێک چاوپێکەوتنێکم هەبوو، گۆرانییەکم زیاد ئەسعەدم گوت، کە گۆرانییەکەی ئەوم گوتەوە زۆری بەدڵ بوو، جێگەی تێبینی و سەرنج بوو بۆ ئەو، ئاماژەی بەوەکردبوو کەمن وەکو ئەو گۆرانییەکەم نەگوتووە، بەڵکو وەکو خۆم گوتوومە و هەوڵم نەداوە لەو بچم. دواتر زیاد ئەسعەد لەگەڵ عەزدولغەفار پەیوەندی هەیە و ئەو پەیامەی بۆمن ناردبوو، هەر لەرێگەی کاک عەبدولغەفارەوە ئەو ئاواز و تێکستەی دا بەمن، من زۆر سوپاسیان دەکەم.
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا: لەنێوان خاڵە عەدنان کەریم و زیاد ئەسعەددا، من زیاتر کاریگەری عەدنان کەریمم لەسەرە، زۆربەی کات لەگەڵی دانیستوومە و رێنمایی کردووم و زۆرجای هاتۆتە ستۆدیۆ تا بزانێت چۆن گۆرانییە تۆمار دەکەم. بەڵام من لە ساڵی 2015، کە ئەلبوومێکم بڵاوکردەوە بەناوی “لانکەی هەستێک”، هەوڵمداوە لەژێر ئەو کاریگەرییەی ئەویشدا نەمێنمەوە، چونکە ناکرێ کەسێکی دیکە دووبارە ببێتەوە، بۆیە من هەوڵمداوە لەخۆم بچم، چونکە زۆربەی گۆرانییەکانم ئاوازی خۆمن کە دامناون، بەڵام خاڵە عەدنان کەریم مامۆستایەک و قوتابخانەیەکی گەورە بووە بۆمن. بێگومان زیاد ئەسعەدیش قوتابخانەیەکە کە چەندین هونەرمەندی پێگەیاندووە، هەروەها بەهۆی دوورکەوتنەوەی ئەوەوە زۆرێک لە هونەرمەندان پەکیان کەوتووە و هیچ ئاواز و تێکستێک نییە بیڵێن، ئەوە زیاد ئەسعەد بوو ئاواز و تێکستی پێیان دەدا.
سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دانیشتووی شاری سلێمانییە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. خوشکەزای هونەرمەندی ناسراوی کورد عەدنان کەریمە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.