رۆژنامەی ھەولێر

زاهیر جەلال بەرهەمی “بولبوولی شەیدا” بڵاودەکاتەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

زاهیر جەلال، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی “بولبوولی شەیدا”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە.

زاهیر جەلال دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: بەرهەمی “بولبوولی شەیدا”، لە شیعری مامۆستا هێمنە و لە ئاوازی خۆمە، هاودەنگ هەمەوەند دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە، لە فێرگەی cme بەرهەمەکە تۆمارکراوە. هەروەها لەگەڵ گرووپی میوزیکی حەبیبە بەرهەمەکەم جێبەجێکردووە کە ئەو گرووپە پێکهاتووە له، سروود سالار بە کەمانچە و سەرپەرشتیاری گروپەکەیە، رێوان ئەحمەد بە سەنتوور، ئیبراهیم نەجمەددین بە ریتمی کوردی، داستان عوسمان بە ریتمی کوردی، ئادەم ئەرکان بە زەڕب، سەنگەر سالار بە عود، هەروەها شفان سەگرمە بە چەلۆ و ئەرکی ئامادەکردن و تۆمارکردنی گۆرانییەکەی خستۆتە سەر ئەرکی خۆی و زۆر سوپاسی دەکەم.
زاهیر جەلال گوتیشی: ساڵی 1989 لەشاری هەولێر ئەم بەرهەمەم لە تۆمارگەی ناز تۆمار کرد، بەڵام کاتێک هێنامەوە سلێمانی بۆ بڵاوکردنەوەی، وەزارەتی رۆشنبیری ئەوکات قەدەخە بوو بڵاوبکرێتەوە، چ ونکە شیعرەکەی سیاسی بوو، گەر بە دزییەوە بڵاوکرابایەوە، ئاوا خۆم کۆمەڵێک خەڵکی تریش ماڵوێران دەبووین و لە سێدارەیان دەداین. بۆیە پێم خۆش بوو لە ساڵی 2026، لەگەڵ گرووپی موزیکی حەبیبەدا ئەم گۆرانییە دووبارە بکەمەوە، چو. نکە ئێستا سوپاس بۆ خوێنی شەهیدان بەئازادی گۆرانی و شیعر دەڵێین.
زاهیر جەلال باس لە دەنگدانەوەی ئەو بەرهەمەی لەناو گوێگرانی دەکات و دەڵێت: گوێگرەکانم خۆیان بڕیار لەم بەرهەمەم دەدەن کە بەدڵیان دەبێت یاخود نا، کە بەرهەمەکە بڵاوبووەوە ئەوکات بەدیار دەکەوێت کە دەنگدانەوەی هەبووە یاخود نا، بەڵام هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم جێگەی خۆی بگرێت و بەدڵی هەموو هەوادارە ئازیزەکانم بێت و چێژی لێ ببینن.
زاهیر جەلال ئاماژەی بەوەش دا: هۆکار زۆرە کە وای کردووە لەکاری نواندن دابڕێم، بەڵام خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ لە فیلمێکی سینەمایی بەشداریم کردووە بەناوی “باوەڵ”، لە دەرهێنانی دیاکۆیە و ئەو فیلمە پێش جەژنی قوربان پێشکەش بە جەماوەری شاری سلێمانی دەکرێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا لە شارەکانی تری کوردستانیش نمایش بکرێت.”
زاهیر جەلال، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1961 لە سلێمانی لەدایک بووە. زاھیر جەلال لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەرکەوتووە و ژمارەیەکی بەرچاو گۆرانی رەسەنی کوردی تۆمار کردووە. جگە لە گۆرانیگوتن ئەکتەرێکی دیاری کۆمێدییایە و نواندنی لەچەندین فیلم و درامادا بینیوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.