رۆژنامەی ھەولێر

لە ساڵی ٢٠٢٠ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی دانا

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، “لە ساڵی 2020 و لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی دانا، کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی پیشەسازیی خۆراکە لە یەک شوێن و رووبەری گونجاودا، بەجۆرێک کە هەموو پێوەرە تەندروستییەکانی تێدا رەچاو کراوە.”

سەبارەت بە ژێرخانی پڕۆژەکە، عەلی تەتەر رایگەیاند، تەواوی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، ئاو و کارەبا بۆ شوێنەکە دابین کراوە، هەروەها روونیکردەوە، پڕۆژەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی یەکەم تایبەتە بە کۆگاکانی هەڵگرتنی ماددە خۆراکییەکان و بەشی دووەمیش بۆ دامەزراندنی کارگە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازیی خۆراک تەرخان کراوە.
پارێزگاری دهۆک جەختیشی کردەوە، ئێستا خواست و پێشوازییەکی زۆر لەلایەن وەبەرهێنەران و خاوەنکارانەوە هەیە بۆ کڕینی زەوی و دانانی کۆگا و کارگە لەو ناوچەیەدا.
عەلی تەتەر، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئابووریی پڕۆژەکە بۆ دەستی کار و گوتی، “بەبێ زیادەڕۆیی دەتوانم بڵێم کاتێک ئەم پڕۆژەیە بەتەواوی دەکەوێتە کار، دەیان هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت و دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ کەرتی پیشەسازی و خۆراک لە هەرێمی کوردستان.”