رۆژنامەی ھەولێر

نێرگەلە؛ سەرچاوەیەکی مەترسیداری گواستنەوەی نەخۆشیی “سیل”

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

ئێستاکە نێرگەلەکێشان بۆتە دیاردەیەکی بەربڵاو لە نێو گەنجاندا، بەتایبەتی لە کافتریا و چێشتخانەکاندا. دیاردەکە کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە چەند کەسێک بە هاوبەشی و بە یەک نێرگەلە دەکێشن، بێ ئەوەی ڕەچاوی تەندروستیی خۆیان و کەسانی دەوروبەریان، لەوانە خانمانی دووگیان یان ئەوانەی نەخۆشیی ڕەبۆ و هەستیارییان هەیە، بکەن.

دکتۆر هیوا خالد گەردی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی سنگ و هەناسە، هۆشداری دەدات لەم دیاردەیە و زیانەکانی نێرگەلە بە بەراورد لەگەڵ جگەرە بە ڕوون و ئاشکرا دەخاتە ڕوو.

نێرگەلە زیانی لە جگەرە زیاترە
بە گوتەی دکتۆر هیوا، زیانەکانی نێرگەلە بەراورد بە جگەرەی ئاسایی زۆر زیاترە، چونکە هەر دانیشتنێکی نێرگەلە کێشان کە لە نێوان ٤٥ خولەک تا کاتژمێرێک دەخایەنێت، بەرامبەرە بە کێشانی نزیکەی ١٠٠ جگەرە. دکتۆر هیوا زیانە سەرەکییەکانی بەم شێوەیە دیاری دەکات:
• کێشەی هەناسەدان: هۆکارێکە بۆ نەخۆشیی “تەسکبوونەوەی بۆری هەناسەی درێژخایەن” (COPD).
• نەخۆشییەکانی دڵ: هۆکارە بۆ جەڵتەی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان.
• شێرپەنجە: مەترسییەکی گەورەیە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و دەم و زار.

نێرگەلە؛ گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان
بە هاوبەش بەکارهێنانی نێرگەلە دەبێتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی چەندین نەخۆشیی مەترسیدار، لەوانە: نەخۆشیی سیل، کەڕووەکان، و ئەنفلۆنزا.
دکتۆر هیوا گەردی ڕوونکردنەوەیەکی زانستی لەبارەی گواستنەوەی نەخۆشیی “سیل” دەدات و دەڵێت:
“بەکتریای سیل لە ژینگەیەکدا دەژی کە پلەی گەرمییەکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٤٥ پلەی سەدی بێت. ئەو ئاوە گەرمەی لە قاعیدەی نێرگەلەدا بەکار دێت، ژینگەیەکی زۆر لەبارە بۆ گەشەسەندنی ئەم بەکتریایە و دەیگوازێتەوە بۆ بەکارهێنەران.”
بەهۆی ئەم مەترسییانەوە، دکتۆر هیوا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە پزیشک لە هەر کەسێک کە تووشی نەخۆشیی سیل بووە، بپرسێت ئایا نێرگەلە دەکێشێت؟ ئەگەر بە هاوبەشی بەکاری هێنابێت، پێویستە سەرجەم ئەو کەسانەی لەو نێرگەلەیە بەشدار بوون، پشکنینی سیلیان بۆ بکرێت و ئەو نێرگەلەیەش دەستبەجێ تێک بشکێنرێت.