رۆژنامەی ھەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا پێشوازی لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە یاوەری دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکوومەت لە یەکێتی ئەوروپا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە لاهای، لەگەڵ یووست فلاماند جێگری وەزیری دەرەوەی شانشینی هۆلەندا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
هەروەها هێرشە درۆنی و موشەکیبەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کاریگەری لە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.
لایەنی هۆڵەندی، ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان بەرز نرخاند لە کاتی شەڕی داعش، هەروەها لە گرنگیدان بە سەقامگیری لە ناوچەکە وەکو فاکتەرێکی گرنگی چارەسەری قەیرانەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا هەردوولایەن هاوڕابوون لەسەر گرنگی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەو پەرەپێدانی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان.